ڕائیب جادر – هەولێر
ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەھۆی ململانێ سیاسییەکان، بەتایبەت سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر چەند وڵاتێک، جۆرێک لە ناسەقامگیری ئابووری لە جیھاندا دروستکردووە، پێشبینی دەکرێت ھێشتا نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە. دەشڵێ: چەند کارگەیەکی دروستکردنی زێڕ لە ھەولێر ھەن کواڵیتی زێڕەکەیان لە زێڕی زۆربەی وڵاتان باشترە.
زێڕ بە یەکێک لە کانزا بە نرخەکانی جیھان دادەنرێت و لەڕووی ئابوورییەوە بە شتێکی گرنگ و خاوەنبەھا دەژمێردرێت، نرخەکەشی بەپێی ھەلومەرجی ئابووری لە ھەڵسان و دابەزیندایە، مرۆڤ ھەر کاتێک بیەوێت ھەم بۆ جوانی و بەھۆی نرخەکەیشیەوە وەکو ماڵێکی سپی سوودی لێ وەردەگرێت، جگە لەوەی ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کانزایە مایەی پێکەوەبەستنی ھەر دوو ڕەگەز بووە.
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە دروستکردن و ھاوردە و ھەناردەی زێڕ ھەن کە زێڕی شکاو لە پێشانگەکان دەکڕنەوە و دوای توانەوەی بە قاڵب بە ئیمارات و تورکیای دەفرۆشن، لەوێش زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن، خەڵکی ھەرێمی کوردستان زیاتر زێڕی عەیار ٢١ کڕین و فرۆشتن پێوە دەکەن.
زێڕ، لە زۆربەی وڵاتان بووە بە بەشێک لە کولتوور، ھەرچەندە زێڕ وەکو پێشەکی و پاشەکی لە پرۆسەی ھاوسەرگیری بۆ ئافرەتان دیاری دەکرێت و کچ و ژنانیش لە بۆنەکان وەک بەشێک لە جوانکاری بەکاردەھێنن، بەڵام لە ھەمانکاتدا دەبێتە بارێکی گران بۆ کوڕان، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە نرخەکەی بەرزە. بە بۆچوونی بەشێک لە کوڕ و کچان ئەگەر پێکەوە بەختەوەربن، زێڕ نابێتە مەرج بۆ پێکھێنانی ژیانی پێکەوەبوونیان.
بازاڕی زێڕ ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی دارایی ھاووڵاتییانەوە، ئەوکاتەی ھاووڵاتییان لەڕووی داراییەوە دۆخیان باش بێت، زێڕینگرانیش بازاڕیان باش دەبێت، لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە کاتی پێکھێنانی پرۆسەی ھاوسەرگیری، وەک نەریتێک پێویستە ماڵی زاوا برێک زێڕ بۆ بووکەکە بکڕێت، کوڕان زۆرجار گلەیی ئەوە دەکەن کە ئەم نەریتە بۆتە بارگرانی بۆیان، ھەروەھا گرانبوونی زێڕ لەم دواییانەدا ئەم بارگرانییەی قورستر کردووە، بەپێی قسەی زێڕینگران ئەمەش بۆتە ھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ھاوسەرگیری. ھەر زێڕینگرێک ڕووی تێ بکەین بەدەیان ئافرەتی تێدایە و زێڕ دەکڕن، بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو خەڵک جاران ئەو زێرەی کە ھەبوو دەیفرۆشت، بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەی نرخی زێڕ گرانە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە کڕینی زێڕ کردووە و بازاڕیان گەرم کردووە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نرخی زێڕ لەلایەن سەندیکای زێڕینگرانەوە بڵاو دەکرێتەوە، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەوانەی ھاوسەرگیری بە پارە دەکەن و چاوەڕێ دەکەن تا نرخی زێڕ دابەزێت ئەوکات بیکڕن، با چاوەڕێ نەکەن و ساڵانە نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە، چونکە تێچووی دەرھێنانی لەلایەن کارگەکانی دنیا زۆر زیاترە لەوەی ھەیە.
ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، زیاتر دەڵێ: ئەو پێناسەی گومرکی کە سەرۆکی ئەمریکا کردی، ھەروەھا سەپاندنی سزا بەسەر چەند وڵاتێک، لە ھەمان کاتدا گرژی و ئالۆزیەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لەلایەک و شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەلایەکی دیکەوە ململانێکانی ئەمریکا و ئێران، وای کردووە نرخی زێڕ زیاتر بەرز بێتەوە، کێشەی قەیرانی ئابووری جیھانی کەوا بەرۆکی دەوڵەتانی گرتووە زۆربەی وڵاتانی دونیا تووشی قەیرانی دارایی بوونە، دەتوانم بڵێم ڕووخانێکی لەسەرەخۆی ئابووری جیھان وای کرد کەوا ئۆنسی زێڕ بەرزبێتەوە، ھەروەھا زۆری داواکاری لەسەر کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە گەورەکانی جیھان، ھەروەھا ھەندێک لە وڵاتەکانی جیھان کە لە کڕینی زێڕ دەستێکی باڵایان ھەبووە ئەوانە ھۆکاری ھەرە سەرەکین کەوا نرخی زێڕ بەرزبێتەوە، ئەگەر بێت و لە ئێران نەدرێت و جیھان ئارامی بەخۆیەوە ببینێت نرخی زێڕ نزم دەبێتەوە، بەڵام ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە داھاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرز بێتەوە، بۆیە وای بۆ دەچم کە نرخی زێڕ لەو چەند مانگەدا زیاتر بەرزبێتەوە، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە ئەمساڵ کەمتر زێڕ ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
سەبارەت بەوەی گرانبوونی نرخی زێڕ کاریگەری ھەبووە لەسەر پرۆسەی ھاوسەرگیری، ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، گوتی: نەخێر، چونکە ئەگەر پێشتر خەڵک زێڕێکی زۆڕی کڕیبایە ئێستا وانییە خەڵک کەمتر زێڕ دەکرێت، ئەگەر زۆر بکڕیت ٢٠ مسقاڵە، دیاری کردنی نرخی زێڕیش ڕۆژانەیە ئۆنسی زێڕ دەجووڵێت چەند بەرز بێتەوە لە کوردستان نرخەکەی بەپێی دۆلار دیاری دەکرێت.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: زێڕی کوردستان زۆربەی لە ئیمارات و تورکیا ھاوردە دەکرێت، بەتایبەتی ئیمارات، زێڕی عەیار ٢١ زیاتر بۆ بابەتی ھاوسەرگیری بەرکاردێت، بەڵام ئەوەی بۆ بازرگانی کردن بێت کە خەڵک بیەویت بە قالب دێت و بە کیلۆ دەکڕن نەک زێڕی دروست کراو، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کارگەکانی خۆمان کواڵێتی زۆر بەرزیان ھەیە کە چەند کارگەیەک لە ھەولێر ھەن کواڵیتی زێڕەکەیان لە زێڕی ئیمارات زۆر باشترە، کە دروستی دەکەن.
نزیکەی ١٦٠٠ پێشانگەی زێڕ و بە دەیان کۆمپانیای بازرگانی ھاوردە و ھەناردەی زێڕ و ئەلماس و بەردە بەنرخەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەن، پێشانگەکان بەشێوەی تاک زێڕی دروستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاویش لە خەڵک دەکڕنەوە، دوای تواندنەوەی بەقاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕ دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێڕەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن. ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، گوتیشی: لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە ئیدارەی سۆرانیشەوە ئەو زێڕینگرانەی کە مۆڵەتیان ھەیە ٧٠٠ زێڕینگر دەبن.