دوێنێ، بە چەند پانێڵ و بڕگەیەک، ڕۆژی دووەمی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان بەناونیشانی “بە تواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین” بەردەوام بوو و دوو پانێڵی دیکە و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانی کۆنفرانس خوێندرانەوە.
لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانس پانێڵی چوارەم لەژێر ناونیشانی “ڕۆڵ و پێگەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان” چوار بابەتی لە خۆگرتبوو: بەهێزترکردنی ڕۆڵ و پێگەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان؛ چۆن وا بکرێت ئافرەتان ڕوو لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بکەن؛ ڕێکخستنی پارتی چۆن سود لە ڕێکخستنی ئافرەتان وەربگرێت؛ پێگەیاندنی ئافرەتانی سەرکردە لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.
پانێڵی پێنجەم: پرسی ئافرەت لە ناو میدیا و سۆشیاڵمیدیای پارتیدا لە سێ بابەت پێکدەهات: میدیا و گەشەدان بە تواناکانی ئافرەت؛ سۆشیاڵمیدیا وەک سەکۆیەک بۆ دەرخستنی تواناکانی ئافرەت؛ سیاسەت و ستراتیژی پارتی سەبارەت بە میدیا و پرسی ئافرەت.
پاش ئەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ نووسینەوەی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانس دیاریکرا، ڕاسپاردە و پێشنیازەکانی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان نووسرایەوە. لە دوا بڕگەی کۆنفرانسەکەدا، ڕێزلێنان و سوپاسنامە بەخشرایە ژمارەیەک ئافرەت کە ڕۆڵی بەرچاویان لە کایە جیاوازەکانی خزمەتکردن بە کوردستان هەبووە، هەروەها سوپاسنامە پێشکەشی هەڤاڵانی لیژنەکانی کۆنفرانس کرا.
لە دوماهیدا، هەڵسەنگاندنی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان بەپێی ڕاپرسییەک خرایە بەر دیدی ئامادەبووان.
یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە 13ی نیسانی 2025 لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و، ئامادەبوونی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پ.د.ک و بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کاڕگێڕ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستان و عێراق و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و تاراوگە، دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی بە کارەکانی هات.