بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی شاری هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پیرۆزبایی گەرمئاراستەی هاووڵاتیانی هەڵەبجە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەین، جێگەی خۆشحاڵیمانە کە شاری هەڵەبجە بە فەرمیبوو بە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و “١٩”یەمین پارێزگای عێراق، هەڵەبجە شاری شەهیدانە و هێمای خۆڕاگریی وخۆنەچەماندنی گەلێکە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانەهەیە کە ڕۆڵیان هەبوو لەم بڕیارە پێویست و گرنگەدا، ئەم بڕیارە بایەخ و کاریگەری یەک هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە بەغدازیاتر نیشاندا، بۆیە جارێکی دیکە جەخت لە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی گەلەکەمان و سەرجەم کورستانیان دەکەینەوە لەپێناو گەیشتن بەتەواوی ئامانج و مافە ڕەواکانمان.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی، هەوڵەکانی خۆی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە چڕکردەوە، هەنگاو وهەڵوێستە کردارییەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی)و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە هەوێنی دەنگدان لەسەرپڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە فەرمیی هەڵەبجە پارێزگایەکی کوردستان و عێراقە.
هیوادارین حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردن و فەراهەمکردنی دادپەروەری بێتلەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا، لەو ڕوانگەیەوە، قوربانیەکان و مەزڵومیەتی هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە پێویستیان بەئاوڕدانەوە و خزمەتگووزاری و خزمەتکردنی زیاتر هەیە.
سڵاو بۆ خانەوادەی قوربانیان و شەهیدانی هەڵەبجە و گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥