بەمەستی پەرەپێدانی شاری هەولێر و گونجاندنی لەگەڵ ماستەرپلانی هەمواركراوی هەولێر، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی سەڵاحەدین و زانكۆی تیشك، یەكەمین كۆنفرانسی زانستی خۆی لەژێر ناوی “لەپێناو پەرەپێدانی بەردەوام لە شاری هەولێر ساز كرد كە لە ماوەی دوو ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا، زیاتر لە 12 تەوەری زانستی تاوتوێ و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14/4/2025 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و نوێنەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران و نوێنەری سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و بریكاری وەزارەتەكان و زانكۆكانی سەڵاحەدین و تیشك و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و مامۆستایانی زانكۆ و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و ئەندازیاران یەكەمین كۆنفرانسی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستی بە كارەكانی كرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین تاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگی كۆنفرانسەكە بۆ شاری هەولێر كرد. لە بەشێكی وتارەكەیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد: ئەم كۆنفرانسە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی سەڵاحەدین و تیشك بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەش كرد ئەم كۆنفرانسە كۆنفرانسێكی زانستی و خزمەتگوزارییەكی گرنگە بۆ شاری هەولیر لە بەیەكەوە بەستنەوەی كاروباری خزمەتگوزاری بە كاروباری زانستییەوە كە هەنگاوێكی نوێیە بۆ پەرەپێدانی شاری هەولێر لە هەموو ڕووێكەوە. گوتیشی چەند مانگێكە ئامادەكاری بۆ ئەم كۆنفرانسە دەكرێت بۆ ئەوەی هەولێری پایتەخی هەرێمی كوردستانیش هاوتا لەگەڵ پایتەختە پێشكەوتووەكانی وڵاتانی دەوروبەرمان بتوانێت لە ڕێگەی چارەسەری زانستییانەوە بۆ كێشەكان دیدگایەكی تازە بۆ خزمەتكردن و بەرەوپێشبردنی شارەكە دابڕژێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەماهەنگی نێوان فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەرەوپێشبردنی شارە بە گرنگ وەسفكرد و جەختی كردەوە ئەم هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنە ئاستی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییان باشتر و بەرزتر دەكاتەوە.
ساسان عەونی، ئاماژەی بەوەش كرد: كارەكانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت بەتایبەتی لەو بوارانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە هەیە بەردەوام ڕێنوێنی وەزارەت و فەرمانگەكان دەكات كە هاووڵاتی چەقی بایەخدانی حكوومەتن و دەبێت كاروبارەكان لەپێناوی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بێت.
سەبارەت بە گرنگیی كۆنفرانسەكەش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد ئەم كۆنفرانسە زۆر گرنگە و هەنگاوێكی دیكەی نوێیە بۆ خۆگونجاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەولێر كە تازە هەموار كراوەتەوە بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر بەشێوەیەكی باشتر پێش بكەوێت و بۆ ژیانكردن بەرەوپێشتر بچێت چونكە ماستەرپلانی هەمواركراوی هەولێر هەموو لایەنە زانستییەكانی تێدایە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئەو تەوەرانەی لەم كۆنفرانسەدا كاریان لەسەر دەكرێت، تەوەری زۆر گرنگن و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتییان و ئاسانكاری كارەكانەوە هەیە و هەموو ڕەهەندەكانی تێدا ڕەچاو كراوە و بە جێبەجێكردنی ئەو تەوەرانەی كۆنفرانسەكە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریش بۆ هاووڵاتییان باشتر دەبێت كە ئەوەش ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.