ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
دەبێت هەمووان بگەینە ئەو ڕاستییەی كە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان گەشتیاری و ژینگەدا هەیە؛ لە دێرزەمانەوە هەروا بووە کە گەشتیاران بەدوای ژینگەیەكی لەباردا دەگەڕێن بۆ بەسەربردنی كات و چێژوەرگرتن لە دیمەن و هەوای پاك، زۆر دەگمەنە گەشتیاران یا سەیرانكەران لە شوێنێك كات بەسەر ببەن كە شیاو نەبێت لە ڕووی ژینگە و تەندروستییەوە.
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین توێژینەوەیدا كە بۆ (هەولێر)ی ناردووە باسی لەوە كردووە کە ژینگە ڕۆڵی بەرچاو و گرنگ دەگێڕێت لە دیاریكردنی ئەو ناوچانەی كە گەشتیار هەڵیدەبژێرێت و دەستنیشانی دەكات بۆ گەشت و سەیران؛ ژینگە تایبەتمەندی دروست دەكات كە گەشتیاران بەدوایدا دەگەڕێن و پێویستیان پێیەتی؛ ئەمەش پەیوەندییە نزیكەکەی نێوان تایبەتمەندییەكانی ژینگەی سروشتی و پیشەسازی گەشتیاری، پشتڕاست دەكاتەوە. بەڵام جۆرێك لە ململانێ لەنێوان ژینگە و گەشتیاریدا هەیە، بەتایبەتی كە گەشتوگوزار هەندێك جار هەندێك كاریگەریی زیانۆکی لەسەر ژینگە هەیە، وەك چۆن لە چالاكییە ئابوورییەكانی دیكەدا هەیە. پاراستنی ژینگە ڕێگە بە پەرەپێدان و فراوانكردنی چالاكیی گەشتیاری دەدات، بەڵام بەو مەرجەی كە پەرەپێدانەكە نەبێتە هۆكاری شێواندن و تێكدانی ژینگە، كە ئەمڕۆ جیهان بۆ پاراستنی ژینگە بۆ نەوەكانی داهاتوو ڕووبەڕووی ئالنگاری و تەحەدای گەورە و سەخت بووەتەوە.
پوختە:
بە تایبەتی ئەو گەشتیارانەی كە لەسەر ئاستی وڵاتان ڕوو لەو ناوچانە دەكەن كە زەریا و ڕووباری لێیە، بە پێی ئامارەكان تەنها پاشماوەی پلاستیك ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی نزیكەی ١٠٠ملیۆن بوونەوەری دەریایی، بۆیە پاراستنی سەیرانگاكان لە پیسبوون و پاراستنی ژینگەی دەریایی بۆ بەردەوامیی ئەم سەیرانگایانە و بەردەوامی چێژوەرگرتنیان زۆر گرنگە، ئەمەش پێویستی بەوەیە پاك و تەندروست و سەلامەت بن.توێژەر نووسیویەتی: بۆ ئەوەی تۆی بەڕێز وەكو گەشتیار یا سەیرانكەرێك نەبیتە هۆی پیسداگەڕانی ژینگەی سروشت و دەریاكان پێویستە ڕەچاوی ئەم چەند خاڵەی لای خوارە بكەیت:
_ كاتێك دەچیتە كەنار دەریا یا سەیرانگا و ناو سروشت، با كیسەزبڵت پێ بێ، بۆ ئەوەی پاشماوە و پاشخوانی تێ بکەیت و، لە شوێنی دیاریكراو دایبنێیت.
_ پاشماوە فڕێ مەدەرە ناو ئاو یان كەناراو یا ناو سروشت و دارستان.
_ هەتا دەکرێ، لە جیاتی كیسی نایلۆن، كیسی مردەوەژی (ڕیسایكلینگ و دووبارەبەكارهێنانەوە) بەکار بهێنە؛ خۆشبەختانە ئێستا كیسی وا دروست کراوە کە دۆستی ژینگەیە و زووتر شیتەڵ دەبنەوە.
_ واز لە خواردنی پارازتە (لەقووتکراو) بهێنن و خواردنێك بخۆن كە خۆت و خێزانەكەت لەوێ ئامادەی بكەن و قاپ و مەنجەڵ و كەوچكی هەمیشەیی بەكارهێنراو لەگەڵ خۆت بهێنە.
_ تا دەكرێ بوتڵی ئاوی پلاستیك و سەفەری لەگەڵ خۆت مەبە، كە دوای خواردنەوە دەبێتە پاشماوە و فڕێ دەدرێت؛ هەوڵ بدە، ترمزێك یا هەر هۆكارێكی تر لەگەڵ خۆت ببە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆت بیگەڕێنیتەوە و جارێكی تر بەكاری بهێنیتەوە و نەبێتە پاشماوە.
_ جیاكردنەوەی پاشماوەكان بەپێی جۆرەكەی؛ هەر جۆرە و، بخرێتە سندوقی دیاریكراوەوە؛ واتە پاشخوانی خۆراك لەگەڵ پاشماوەی پلاستیك و پاشماوەی تر تێكەڵ نەكرێن.
_ بەشداری لە هەڵمەتە خۆبەخشەكانی پاككردنەوەی سەیرانگاكان و هاندانی كەسانی تر، مەرج نیە لەسەر ئاستی فراوان ئەو كارە بكەی؛ دەكرێ لەگەڵ خێزانەكەت لە شوێنی گەشتكردنەكەی خۆتان ئەو كارە بکەن، كە دەبێتە هاندانێكی باش بۆ نەوەكانی داهاتوو و، كارئاسانی بۆ تیمەكانی ژینگەپارێز.
_ دووركەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەكێشان لە سەیرانگاكان یان فڕێدانی پاشماوەی جگەرە، چونكە یەكێكە لە پیسكەرە مەترسیدارەكانی سەیرانگاكان؛ هەندێ جار دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە.
_ زیاننەگەیاندن بە ئاژەڵ و باڵندەكان لەناو دارستانەكاندا بە تایبەتی لە وەرزی زاوزێ و هێلكەكردندا.
_ دارودرەخت مەبڕنەوە و نەیشکێنن؛ هەمووان دەزانین ماوەی چەند ساڵێكە سروشتی ژینگەی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوون بۆتەوە كە زۆرینەیان دەستی مرۆڤی لە پشتەوە بووە.
_ تا پێتان دەكرێ كەمترین ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆتان ببەن و خێزانی دەربچن؛ هەوڵ بدەن لە دووری سروشت ڕایانبگرن، با ئۆتۆمبیلەكەی تۆ نەبێتە هۆی شێواندنی سروشتی سەیرانگاكە.
ڕێكخراوی گەشتیاری جیهانی پێشبینی دەكات تا ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیاران لە سەرانسەری جیهاندا بگاتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی و نزیكەی ملیارێک و ٨٠٠ملیۆن گەشتیار.