وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆژەی ڕووناکییەوە، ڕایگەیاند: پرۆژەکە بەردەوامە لە فراوانبوون و، تا کۆتایی ساڵی 2026 سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا 415 هەزار هاووڵاتی سوودمەندن لە کارەبای 24 کاتژمێری، نزیکەی 600 مۆلیدەی تایبەت لە 35 گەڕەکی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە.
گوتیشی: هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبن تاوەکو کارەبای 24 کاتژمێری بگەینینە ماڵ بە ماڵی کوردستان.
پرۆژەی ڕووناکی تا ئێستا لە 35 گەڕەکی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون.
لە هەولێر لە گەڕەکەکانی: تەیراوە، مستەوفی، کورانی عەنکاوە، عەنکاوە، سەڵاحەددین، منارە، زانیاری، تەعجیل، عەرەبان، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین، جێبەجێ کراون
هەروەها لە سلێمانی لە گەڕەکەکانی: ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا. لە دهۆکیش لە گەڕەکەکانی بەڕۆشکی و سەرهەڵدان جێبەجێ کراون.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.