سەرۆک بارزانی بۆ ئافرەتان: بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن ئێمەش پشتیوانتان دەبین

لە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر، یەکەمین کۆنفڕانسی ئافرەتانی کوردستان بەناونیشانی “بە تواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین” دەستی پێکرد. کۆنفڕانسەکە بە ئامادەبوون و چاودێری سەرۆک بارزانی و، ئامادەبوونی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پ.د.ک، بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی، بەشێک لە پەرلەمانتاران و وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و تاراوگە بەڕێوەچوو.

کۆنفڕانسەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سەروەرییان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد) دەستی پێکرد، دواتر سروودی کۆنفڕانس لەلایەن لاوانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر پێشکەشکرا. بەشێکی گرنگی کۆنفڕانسەکە دۆکیۆمێنتاری “پارتی و ئافرەت، خەرمانێک لە باوەڕ و متمانە” بوو کە لەلایەن کەناڵی کورداتان تیڤییەوە ئامادەکرابوو تیشکی خستە سەر مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گرنگیدان بە ڕۆڵی ئافرەت و هەروەها مێژووی ئافرەتانی شۆڕشگێڕی گەلی کورد.

ئامینا زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک و سەرپەرشتیاری گشتیی کۆنفڕانسەکە گوتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد. پاشان سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ئافرەتان لە شۆڕشەکانی گەلی کورد و پەروەردەکردنی پێشمەرگە وەک دایک و مامۆستا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئافرەت لە هەموو بوارێکدا ڕۆڵی خۆی ببینێت. سەرۆک بارزانی کۆنفڕانسەکەی بە چالاکییەکی گرنگ لە قەڵەم دا و وتی: “ئێوە بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن و ئێمەش پشتیوانتانین.”

لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسەکەدا، نمایشی پانۆڕامای ئافرەتانی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک کیژ و لاوی بەهرەداری تیپی کچانی دهۆک و شاریا پێشکەشکرا، کە گوزارشتی لە ماف و پێگە و کاریگەریی ئافرەتان لە کۆمەڵگە و نیشتماندا دەکردەوە.

کۆنفڕانسەکە سێ پانێڵی سەرەکی لەخۆ گرت: پانێڵی یەکەم لەسەر ستراتیژییەتی پارتی بۆ بەهێزترکردنی بەشداری ئافرەتان لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو؛ پانێڵی دووەم لەسەر ئافرەت لەنێو ئۆرگان و ڕێکخستنەکانی پارتیدا بوو؛ و پانێڵی سێیەم لەسەر ئافرەت و هەڵبژاردن بوو. کۆنفڕانسەکە ماوەی دوو ڕۆژی دەخایەنێت و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥ بە چەند پانێڵ و بڕگەی دیکەوە بەردەوام دەبێت.