د.خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: زیاتر لە ٩٠٠ شوێنی گەشتیاری لە سنووری دھۆک ھەن، لەو چەند مانگەی ئەمساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ سنوورەکە لەگەڵ چوار مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە. دەشڵێ: ئێستا شەش پڕۆژەی گەشتیاری گرنگ و ستراتیژی لە سنووری دھۆک لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، سەرۆکی حکوومەت زۆر پشتگیری لە کەرتی گەشتیاری دەکات و بەردەوام ھەوڵ دەدات ئەو کەرتە پێش بکەوێت، لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی دەیەم کەرتی گەشتوگوزار زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، گوتی: کەرتی گەشتوگوزار لە کابینەی نۆیەم پێشوەچوونی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بە دەیان پڕۆژەی گەشتیاری گرنگ و سەرنج ڕاکێش دروست کراون، لەگەڵ ئەوەی دوو پارکی گەورە کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەیان بۆ دانرا ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لەگەڵ ئەوەی لەسەر چیای زاوا پڕۆژەیەکی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت، ھەروەھا پلان ھەیە چەند پڕۆژەیەکی دیکە لەو شوێنە دروست بکرێن، لە سنووری ئامێدی ھۆلێکی کۆنفرانس و چەند ھۆتێلێکی گەورە، لەگەڵ گوندی گەشتیاری دروست کراون و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێنەوە، لەگەڵ کردنەوەی سەنتەرێک لە دھۆک ھەموو ئەمانە کاریگەریان لەسەر ھاتنی ڕێژەی گەشتیاران بۆ سنووری دھۆک ھەیە، لەگەڵ ئەوەی ھەر دوو یانەی دھۆک و زاخۆ کاریگەریان ھەبووە، بەتایبەتی یانەی دھۆک کە لە جامی یانەکانی کەنداو یاری دەکات ھاتنی خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ دھۆک ڕێژەی ھاتنی گەشتیارانی بەرز کردووەتەوە و لە ھەمان کاتدا دەمانەوێت زیاتر ناوچە گەشتیارییەکانی دھۆک و کوردستان زیاتر بەو خەڵکە بناسێنین بۆ ئەوەی لە داھاتوودا زیاتر خەڵکی ئەو وڵاتانە سەردانی کوردستان بکەن، ئەوەش وا دەکات کەرتی گەشتیاری زیاتر پێش بکەوێت.
د.خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی لە داھاتوودا دروست دەکرێن، کەرتی گەشتیاری زیاتر پێش دەخات و ھاندانێکیش دەبێت بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر ڕوو لە سنوورەکە بکەن، کە ئێستا ھەموو وڵاتانی جیھان گرنگی بەو کەرتە دەدەن، چونکە ئەو کەرتە زۆر لە کێشەکانی حکوومەت چارە دەکات، لە ھەمان کاتدا داھاتێکی باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە و ھەڵی کار بۆ ھەزاران کەس دەڕەخسێنێت، جگە لەوەی ئەو ناوچە گەشتیاریانە دیمەنێکی جوان بە کوردستان دەبەخشن.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، دەشڵێ: سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی زۆر پشتگیری کەرتی گەشتیاری دەکات و بەردەوام ھەوڵ دەدات ئەو کەرتە پێش بکەوێت، لەو بڕوایەدام لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی دەیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کەرتی گەشتوگوزار زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت.
د.خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، زیاتر دەڵێ: پەیوەندییەکی بەھێزمان لەگەڵ کەرتی تایبەت ھەیە، لەگەڵ وەبەرھێنەران ھەیە، ئەو ھەمانگییەی کە ھەیە کاریگەریەکی باشی ھەبووە، ئەوەش وای کردووە کە لە ھەموو شوێنەکانی دھۆک پڕۆژەی گەشتیاری دروست بکرێن و ببنە ناوچەی گەشتیاری.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، ئاشکراشی کرد: زیاتر لە ٩٠٠ ئۆتێل، مۆتێل، ڕیستورانت و شوێنی گەشتیاری ھەن، ئەوەش ژمارەیەکی یەکجار باشە، لەگەڵ ئەوەی ٢٥٠ شوێنی سرووشتی ھەن، ئەوانەش بوونەتە ھۆکارێکی زۆر باش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران، ھەر ئەوەش وای کردووە کە لەو چەند مانگەی ئەمساڵ لەگەڵ چوار مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ سنووری دھۆک زۆر زیاتر ببێت، بەتایبەتی لە جەژنی ڕەمەزان گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە ناوچەکە کردبوو و ھەموو شوێنەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران.