دوای ئەوەی پرۆژەی ڕووناکی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە ئێستادا پرۆژەکە گەیشتووەتە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە نرخێکی گونجاو کە قورسایی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست نەکات دابنێت بۆ ئەمپێرەکانی کارەبا.
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئەوەی ڕاگەیاندووە، پڕۆژەی ڕوناکی لە ھەرێمی کوردستان بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، ئێستا نرخێکمان دیاری کردووە لەو نرخەی ئێستا ھاووڵاتییان مانگانە دەیدەنە کارەبای موەلیدە و گشتی کەمترە، بە جۆرێک لەگەڵ خەڵکی کەمدرامەت بگونجێت و لە بەرژەوەندی ئەوان دایە و کارەبای بەردەوامیشیان دەبێت.”
بەپێی لێدوانەکەی فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕوناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فراوانتر دەستی پێکردووە، و ئێستا لە ھەولێر بەردەوامە و لە سلێمانی و دھۆکیش دەستی پێکردووە، پڕۆژەکە بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەپێی پلانی دانراو، وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەوەی ھەولێر ھەر جارە و لە ناوچەیەک دەست پێدەکات تاوەکو تەواو دەبێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو:بۆ نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێریش ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزارەت نرخێکمان پێشنیاز کردووە و پەسەندمان کردووە، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە نرخی فەرمیی، چونکە ئەوەی ئێستا ئەزموونییە و فەرمیی نییە، نرخی ئێستا دیاری کراوە حیسابی خەڵکی کەمدرامەت کراوە و لەگەڵ داھاتی ئەوان گونجێندراوە، بۆ نموونە کەسێک چوار ئەمپێر کارەبای ھەبێت و پارەی کارەبای گشتیش بدات زۆر لەو پارەیە کەمتر دەبێت مانگانە دەیدات و کارەبای ٢٤ کاتژمێریشی دەبێت، بۆیە نرخەکە لە بەرژوەندی خەڵکی کەمدرامەت دەبێت.