پارتی لە کەرکووک کورد بەرەو یەک لیستی و یەکگوتاری دەبات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ١١/١١ی ئەمساڵی دیاری کردووە وەکو وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کورد لە ناوچە کوردستانییەکان ھێشتا پێش چاوی ڕوون نییە، کە بە چ شێوەیەک بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکات. بەرپرسانی پارتی، دەڵێن، ئەگەر یەک لیستی لە بەرژەوەندی کورد بێت، بڕیاری لێ دەدەین.

لە سەردانی حزب و لایەنەکان بۆ پارتی لە کەرکووک لە کاتی کردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی باس لەسەر یەکدەنگی و یەک لیستی کورد بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق کرا، لایەنەکان لە گفتوگۆدان ئومێد دەکەن پێکەوە بڕیار بدەن و ھەموویان بە یەک لیست بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
ھێشتا پڕۆژەی یاسای ھەڵبژاردن لە پەرلەمان پەسەند نەکراوە و کورد نازانێت شێوازی ھەڵبژاردنەکە چۆن دەبێت، ئەو گوتارەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا پەیڕەوی دەکات و کاری لەسەر دەکات، پێ دەچێت کورد بەرەو یەک لیستی و یەکگوتاری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ببات، کە بڕیارە مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ ئەوەداین لە کەش و ھەوایەکی ھێمن و ئارامدا ھەڵبژاردن بکرێت، ئومێدمان بەوەیە کە بە یەک لیست دابەزین، بۆیە ئەگەر یەک لیستی لە بەرژەوەندی کورد بێت، بڕیاری لێ دەدەین و دوو دڵ نابین.
لەلایەکی دیکەوە، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: گەڕانەوەی پارتی وا دەکات کە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق دەنگ و کورسییەکانی لە کەرکووک زیاد بکات دووری پارتی لە شارەکە یەکێک بووە لەو خاڵانەی کە کاریگەری خۆی ھەبووە، بەڵام گەڕانەوە و لەگەڵ خۆ ئامادەکردن و ئامادەسازییەکی باش بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو دەنگ و سەنگی پارتی لە شارەکە زیاد دەبێت.