پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2025/4/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارنامه‌که‌یدا له کۆڕبه‌ندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت، ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، کۆبووه‌وه.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمکاری عه‌ره‌بی تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا، پێشهاته سیاسییه‌کانی عێراق و ناوچه‌که، گرنگيى پاراستنى سه‌قامگیری و به‌هێزکردنی دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی ستايشى هه‌وڵه‌كانى کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پاراستنى ئاشتی و سه‌قامگیری له ناوچه‌که كرد، هه‌روه‌ها ڕۆڵى به‌ڕێز ئه‌بولغه‌یت و كۆمكارى له لێكنزيككردنه‌وه‌ى بۆچوونى وڵاتانى ئه‌ندام، به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند. لای خۆیەوە، به‌ڕێز ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌بی، به‌ره‌وپێشچوون و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له عێراق و ناوچه‌كه، به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا.