سلێمان تاشان – ههولێر
هەرچەندە هەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو بەڵام هەرگیز ویست و داخوازیی خۆپێشاندەرانی تشرین بەدی نەهات کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ساڵی ٢٠١٩ شەقامەکانی عێراقیان کۆنترۆڵ کردبوو، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێی سیاسی و تەناهی، هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە لە ١١ی تشرینی دووەم، بە هەڵبژاردنێکی گرنگ دادەنرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە لە عێراق هەبوو کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی تر دوا بخرێت بەڵام نارەزایەتیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هۆکار بوو لەوەی ڕۆژی چوارشەممە نۆی نیسان کە هاوکات بوو لەگەڵ تێپەڕینی بیست و دوو ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت.
رۆژێک بەر لەو وادەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە کە هەر خۆیان پێکهێنەری سەرەکیی حکوومەتی ئێستای عێراقن و بە دەسەڵات گەیشتنیان پێوەندیی بە چەند ڕووداوێکی سیاسیی ناو ماڵی شیعە و کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان هەبوو، بڕیاریان دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت کە کۆتایی ئەمساڵە .
ڕاگەیەنراوەکەی ڕۆژی سێشەممەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانێتییەکە بوو کە شەوێک پێشتر و لە حەوتی نیسان لە ماڵی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەڕێوەچووبوو. چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە حکوومەت کرد، ڕێوشوین بۆ ڕەخساندنی کەشی هەڵبژاردن و سەرجەم پێویستییەکانی ئاسایشی هەڵبژاردن دابین بکات، پاڵپشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکات بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و گەرەنتیی پاک و بێگەرد بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
ڕۆژی چوارشەممە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت. وادیارە دیاریکردنەکە بە هاوئاهەنگیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بووە، چونکە چەند بەرپرسێکی کۆمسیۆن لەوانەش جومانە غەلای بە میدیاکانیان گوت کە کۆمسیۆن دەست بە ئامادەکاری دەکات و توانای هەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتە دیاریکراوەدا بەڕێوە بەرێت.
هەڵبژاردنی پێشووی عێراق هەر چەندە هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو و لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشتر پاکتر بەڕێوە چوو و بۆ یەکەم جار لە مێژووی فیدراڵی ئەو لایەنانە دۆڕان کە چوار خولی لەدوای یەک بوو دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢١ دۆخی سیاسیی عێراق بەشێوەیەک ئاڵۆز بوو کە دواجار هەر ئەو لایەنانەی دۆڕابوون حکوومەتیان پێکهێنا.
لە هەڵبژاردنی ١٠ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ ڕەوتی سەدر زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر کرد کە ٧٣ کورسی بوون و لایەنەکانی تریش کورسییەکانیان هەڵوەرین و تووشی دۆخێکی نالەبار بوون.
بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن دەبوایە فراکسیۆنی سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپێردرێت بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا چونکە لایەنە دۆڕاوەکان، هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دامەزراند و بەهۆی ئەوەی کە هیچ هیوایەکیان نەبوو حکوومەت دابمەزرێنن بڕیاریان دا ببن بە فاکتەرێک بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی حکوومەت.
موقتەدا سەدر هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی توندی لە دژیان گرتە بەر و بڕیاری دا بە تەنیا حکوومەت پێکبهێنێت و ئەو لایەنانە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە کە ڕۆڵیان هەبووە لە گەندەڵی و ئەو دۆخە نالەبارەی هەژدە ساڵە عێراقییەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دڵنیا بوون لەوەی تەنانەت بەشداریشیان پێ ناکرێت بوون بە یەک لەسەر سێی پەکخەری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و ڕێگەیان لەوە گرت پەرلەمان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار بە ڕێژەی یاسایی بگات.
دواجار سەدر ناچار بوو پەرلەمانتارەکانی خۆی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و تەنانەت وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسیش ڕاگەیاند، لایەنەکانی چوارچێوە بە پڕکردنەوەی بۆشایی کورسییەکانی سەدر لەپڕ لە کەمینەی شیعەوە بوونە زۆرینەی پەرلەمان و دەستیان بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کرد.
هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق بە هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و عێراق لە کاتێکدا هەڵبژاردن بەرێوە دەبات کە دۆخێکی نوێی ناوچەیی و جیهانی هاتووەتە کایەوە و خەڵکی عێراق دەخوازن حکوومەت و پەرلەمانێکیان هەبێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکانی بکات و خۆی نەکاتە قوربانیی ململانێی مێژوویی وڵاتانی ترەوە.