سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە توركیا بە زیاتر لە حەوت ساڵ زیندانی سزا دەدرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

داواكاری گشتیی ئیستانبۆڵ، دۆسیەیەكی تایبەتی لەسەر ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر ئامادە كردووە، كە چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ و داوا دەكرێت بە حەوت ساڵ و ١٠ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی سزا بدرێت.

ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، كە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣دا، پارتەكەی توانیی زیاتر لە ١ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنێت، ٢٢/١/٢٠٢٥، دەستگیر كرا و تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ، كە ویستویەتی بە وتارەكانی رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی توركیا دروست بكات، هەروەها سووكایەتیی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كردووە.
داواكاری گشتیی ئیستانبۆڵ، دۆسیەیەكی تایبەت لەبارەی ئۆزداغەوە ئامادە كردووە، داوا دەكات حەوت ساڵ و ١٠ مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، ئۆزداغ لە ٣٤ پەیامیدا كە لە سۆشیالمیدیادا بڵاوی كردووەتەوە، هەمووی گوزارشت لەوە دەكەن كە رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی توركیا دروست دەكات، جیا لەوەی لە وتارێكدا لە ئەنتاڵیا، بەئاشكرا سووكایەتی بە ئەردۆغان كردووە.
ئۆزداغ، یەكێكە لەو سیاسیانەی زۆر رقی لە كوردە و بەردەوام سووكایەتی بە كورد و سەرۆكەكانی كردووە. پارساڵ، هێرشی زۆر توندی كردە سەر شێخ سەعیدی پیران و سووكایەتیی پێ كرد، بۆیە باكوورییەكان لەسەر ئەو سووكایەتییە هاتنە دەنگ و گرژییەكی زۆر لە نێوان كورد و ئۆزداغ دروست بوو.
ئۆزداغ کە، ٧٧ رۆژە زیندانی كراوە، سەرۆكی پارتی زەفەرە كە پارتێكی نەتەوەپەرستە و دۆسیەیەكەی لەلایەن داواكاری گشتی بەكۆتا هاتووە و رەوانەی دادگا كراوە، لە رۆژانی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەی دەدرێت.