ڕائیب جادر – هەولێر
زیانی ڕاگیرانی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٢٨ ملیار و ٧٣٠ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند. گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، دەڵێت: ئامادەین نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکەینەوە، بەڵام دەبێت داواکاریەکانمان جێبەجێ بکرێن، کاتێک نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھان دەفرۆشرێت داھاتێکی زیاتر دەگەرێتەوە خەزێنەی حکوومەت. دەشڵێ: ڕۆڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرزدەنرخێنین، چونکە بەڕژدی کار لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوت دەکات.
وەزیری نەوتی عێراق داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان حکوومەتی ھەرێم و عێراق و کۆمپانیاکانی نەوتی کردووە، ئەپیکۆریش پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت کۆبوونەوەی ئەمجارە ڕەشنووس و ئەجندایەکی ڕوونی ھەبێت و ئەنجامی بەدواوە بێت، چونکە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی وەبەرھێنەرانی دیکەی بیانی بێنە ھەرێمی کوردستان و لە کەرتە جیاوازەکانی وەکو کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا و بوارەکانی دیکە وەبەرھێنان بکەن.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکۆر جارێکی دیکە ئامادەی خۆی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، چونکە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانی کۆمپانیاکانیان ڕاگیراوە، ئەپیکۆر بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت دوو داواکاری سەرەکی ھەیە، یەکەم ڕێککەوتنێکی نوسراو ھەبێت پارەی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی کۆمپانیاکانیان زامن بکات، دووەم دەبێت ئاگاداری کار و ھەڵسەنگاندنەکانی ڕاوێژکاریە نێودەوڵەتییەکان بن، کاتێک دێن ھەڵسەنگاندنەکانیان بۆ تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دەکەن. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکۆر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئەو نەوتەی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێنرێت، لەناوخۆ ساغ دەکرێتەوە، ھەر بەرمیلێک بە نزیکەی ٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت، کاتێک نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە دەفرۆشرێت بەگوێرەی نرخی بازاڕی جەیھان بۆ ھەر بەرمیلێک ٦٥ بۆ ٧٠ دۆلارە، بەمەش داھاتێکی زیاتر دەگەڕێتەوە خەزێنەی ھەرێمی کوردستان و عێراق.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، دەشڵێ: ڕۆڵی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرزدەنرخێنین، کە بەرژدی کار لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەکانی بەغدا کردووە، لە ھەمان کاتدا لە چەند ھەفتەی ڕابردووش گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمریکا و تورکیای کردووە، ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق پرسێکی لە پێشینەیە، ھەروەھا لەلایەن تورکیاشەوە پرسێکی سەرەکییە و کار بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات.