سەرۆک بارزانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێری بۆ کتێب کردەوە

کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-04-2025، سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا، 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە دروشمی “جیهان بە کوردی دەدوێت”  کردەوە.

دوای کردنەوەی، سەرۆک بارزانی بەشە جیاوازەکانی پێشانگەکەی بەسەر کردەوە و ژمارەیەک کتێبی جۆراوجۆری کڕی.

ئەمساڵ زیاتر لە 350 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتی جیهانەوە بەشداری پێشانگەکەیان کردووە و هەزاران ناونیشانی جۆراوجۆر نمایش دەکەن.

پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تا 08:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت. هەروەها کوردستان24 هاوبەشی میدیایی پێشانگەکەیە و ڕووماڵی هەموو گۆشەکانی پێشانگەکە دەکات.

هاوکات، لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگەکەدا، گفتوگۆی ڕۆشنبیری و کولتووری جۆراوجۆر، خوێندنەوەی شیعر و واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان و چەند ئاهەنگێکی هونەری و پانێڵی جۆراوجۆر لەبارەی عێراق و ناوچەکەوە بەڕێوە دەچن.