فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە ھەولێر کرد

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە ھەولێر کرد.

ئەمڕۆ ٨ی٤ی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (ماکسیم روبین) کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە ھەولێر کرد.

لە دانیشتنەکەدا کە هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئامادەبوو، فازڵ میرانی زۆر بەگەرمی بەخێرھێنانی کونسوڵی ڕووسیا کردوو دەستخۆشی ئاراستەی کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە ھەولێر کرد کە بووە ھۆی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ڕووسیاو دووپاتی کرد کە پەیوەندییەکان لەنێوان ھەردوولادا لە ئاستێکی بەرزو سەرکەوتوو دایە.

هاوکات فازڵ میرانی پوختەیەک لەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێشکەش کردوو دووپاتی کرد کە ناوچەکە بەگشتی لە ڕۆژگارێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ڕەوشەکە ھەستیارە.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان میرانی دووپاتی کرد کە دانوستاندنەکان بەردەوامن و بەرەو پێش دەڕوات و ھیوا ئەوەیە لەم نزیکانە کابینەی (١٠) پێکبھێنرێت.

لەلای خۆیەوە (ماکسیم روبین) کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە ھەولێر سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو پێشوازیە گەرمەی کە لێیان کرا.

ھەروەھا کونسوڵی گشتی ڕووسیا دووپاتی کرد کە پەیوەندییەکان لەنێوان ڕووسیاو گەلی کوردستان مێژووییەو ڕووسیا بە بایەخەوە تەماشای ئەم پەیوەندیانە دەکات و ھیوای خواست کوردستان ھەر لە ئارامی و سەرکەوتن و پێشکەوتندا بێت.