حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: ئێستا لە هەموو کات زیاتر یەکڕیزیی گەلی کوردمان پێویستە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان شەڕەفێکی گەورەیە و، دەتوانم بڵێم زیاتر پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنداریەتی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە دەڵێین کەرکووک بۆ کەرکووکییەکانە

دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڕەکی عەرەفە لە شاری کەرکووک کرایەوە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بە کردنەوەی ئەو بارەگایە، شکۆ بۆ کەرکووکییەکان گەڕایەوە و گوڕ و تینی زیاتریش بە کەرکووکییەکان دەدات. دەشڵێ: پەیامی ئێمە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک یەکڕیزی و برایەتییە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەنە و ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە چارە بکەین
ڕۆژی شەممە ٥-٤-٢٠٢٥، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومی دیکە، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی خۆی لە کەرکووک کردەوە.
فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و ڕاگەیاند، ئێمە نەھاتووینەتە کەرکووک، بەڵکو ئێمە ھەر لە کەرکووک بووین و لە کەرکووکیش دەبین، چونکە ئەگەر بۆ چەند وەختێک بە جەستەش لە کەرکووک نەبووبین، ھەمیشە ڕێکخستن و باوەڕی کوردایەتی کە بیروباوەڕی ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕەگ و ڕیشەی لەم کەرکووکەدا ھەبووە و دەمێنێت و ڕۆژبەڕۆژیش زیادی کردووە.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، ھێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو، بەوھۆیەوە پارتی ھەموو چالاکییە حزبییەکانی لە سنووری ئەو پارێزگایە ڕاگرتبوو، بەشداری ھیچ ھەڵبژاردنێکیشی نەکرد، ئەمە لـە کاتێکدایە، پێش کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە، کردنەوەی ھەردوو بارەگاکە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە بۆ پێکێھێنانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد: دوای نزیکەی ھەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی کرایەوە، دڵنیابن ئێمە دەبینە مایەی تەبای و ئاشتی و پێکەوەژیان لە شاری کەرکووک و خزمەتی خەڵکی شارەکە دەکەین.
سەبارەت بە گرنگی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: پارتی ھەر لە کەرکووک بووە و ھەر لە کەرکووکیش دەمێنێتەوە، ئەوەی کراوە تەنیا کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک -گەرمیان بووە، لەڕووی ڕێکخستنەوەی پارسەنگی ھێزەوە بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان گرنگی خۆی ھەیە و پارسەنگی ھێز ڕادەگرێت لەڕووی دروستکردنی گیانی برایەتی و قوڵکردنی ڕۆحی پێکەوەژیان لە شارەکە، ھاتنەوەی بارەگای سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان گیانی برایەتی و تەبای لەنێو کەرکووک بەھێزتر دەکات، سەبارەت بە حەرەکەی تەنزیمی لە شارەکە بێگومان حەرەکەی تەنزیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناغێکی باشەوە بۆ قۆناغێکی باشتر لەڕووی ڕەوشی پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوەکان پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵگری ئەو دروشمە بوو یەکترقەبووڵکردن و پێکەوەژیان، بەڵێنی ئەوە دەدەین ھەر بەو ڕوحیەتە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کار بکرێت، بۆیە ئێستا لە ھەموو کات زیاتر یەکڕیزیی گەلی کوردمان پێویستە، بۆ ئەوەی ھەموومان پێکەوە ببینە ھەوێنێک بۆ یەکڕیزی و تەبایی، پێمان باشە لە ھەموو کێشەکاندا چی لە ڕابردوو و چی لە ئێستادا، دەستوور باڵادەست بێت و ھەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر گوتی: بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان شەڕەفێکی گەورەیە و، دەتوانم بڵێم زیاتر پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنداریەتی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە دەڵێین کەرکووک بۆ کەرکووکییەکانە، بە ھەموو دەنگ و ڕەنگەکانەوە، ھەموو پێکەوە شارەکە دەپارێزین و بەرگری لێ دەکەین.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی گوت: کردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیان بۆ ئەوەیە زیاتر برایەتی لە شارەکە قوڵتر و پتەوتر بکەین، ئەمڕۆ دوو شەممە دەستنیشان کراوە بۆ پێشوازی کردن لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی شار، پەیامی ئێمە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک ئەوەیە کە یەکڕیز و ھەماھەنگ بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەنە و ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە چارە بکەین، بۆیە پارتی بەرنامەی تایبەتی خۆی ھەیە بۆ ئەوەی ھەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ پێشختنی شارەکەمان، ھێلی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە بۆ ئەوەی بتوانین ھەموومان پێکەوە خزمەتێکی زیاتر بە شارەکە بکەین، بارودۆخی ناوچەکە ھەستیارە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش درک بە ھەستیاری و بەرپرسیارەتی بارودۆخەکە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات، ئێستا یەکڕیزی گەلی کورد لە ھەموو کاتێک گرنگترە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لەوەشکردەوە: گەڕانەوەی پارتی وا دەکات کە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق دەنگ و کورسییەکانی لە کەرکووک زیاد بکات دووری پارتی لە شارەکە بەخۆی ئەوە یەکێک بووە لەو خاڵانەی کە کاریگەری خۆی ھەبووە، بەڵام گەڕانەوە و لەگەڵ خۆ ئامادەکردن و ئامادەسازییەکی باش بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو دەنگ و سەنگی پارتی لە شارەکە زیاد بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: پێویستە زەوی و زاری جووتیارانی کورد کە چەندین ساڵە لەلایەن عەرەبی ھاوردە دەستیان بەسەردا گیراوە، دەبێت بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە، زۆرجار جووتیارە عەرەبەکان دەڵێن، ٣٠ ساڵە ئەو زەویانە ھی ئێمەنە و کاری کشتوکاڵی تێدا دەکەین، بەڵام من دەڵێم لەوەتەی ئەو زەوییانەی کە ھەنە تاپۆکانیان بە دەست کوردەوە بوونە، ئەو یاسایەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، بۆیە چۆن لە ڕابردوو ھەوڵمان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە داھاتووشدا داکۆکی تەواو لە جێبەجێ کردنی ئەو ماددە زیندووە دەکەینەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە تاکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا نابێت، بۆیە کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە.