پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند كە فێڵیان لە چەندین هاووڵاتیی كردبوو و لە ڕێگای حسابی بانکی (FIB)پارەیەكی زۆریان لێ وەرگرتوون.

ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی 4ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “پۆلیسی هەولێر باندێکی چەند کەسی دەستگیر کرد، کە ئەم باندە فێڵیان لە چەندین هاووڵاتی كردووە لە ڕێگەی دانانی نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزا و گەشتوگوزاری وەهمی و ئەکاونتێکی (تیکتۆک)ی وەهمی بەناوەکانی (سۆناس تڕاڤڵ) و (ئەترەس تڕاڤڵ) لە شاری دهۆک، کە گوایە ڤیزای دەرەوەی وڵات بۆ هاووڵاتییان وەردەگرن.”

ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییان پەیوەندییان پێوە دەکردن، چەند جارێک ئەو هاووڵاتییانەیان لە نزیکەوە بینیوە و پێکەوە مامەڵەیان کردووە، بەڵگەنامە فەرمییەکانیشیان لێ وەرگرتوون، دوایین جاریش ئەو تۆمەتبارانە داوایان کردووە کە پارەکانیان بخەنە سەر حیسابی بانکی (FIB) و پاشان لە ڕێگەی ئەو ژمارە بانکییەوە حسابەکانیان سفر دەکردەوە و کۆی پارەکانیان دەخستە سەر حیسابی خۆیان و دواتریش تەلەفۆنەکانیان دادەخست، کە “بەم شێوەیە فێڵیان لە چەندین هاووڵاتی کردووە.”

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، كە “تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، خەڵکی شاری دهۆکن و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەستگیر کراون.”