٢٢ ساڵ بەسەر برینداربوونی فەرماندە وەجی بارزانی و شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەدا تێپەڕ دەبێت

ئەمڕۆ یەكشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٥، ٢٢ ساڵ بەسەر برینداربوونی فەرماندە وەجی بارزانی و شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگەی كوردستان تێپەڕ دەبێت كە لە هەڵمەتی ڕزگاركردنی خاكی كوردستاندا بۆردومان كران.

ڕۆژی ٦ی نیسانی ٢٠٠٣، لە میحوەری دیبەگە و مەخموور، لە كاتێكدا هێزەكانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی وەجی بارزانی كە ئەوسا فەرماندەی لەشكری تایبەتیی یەك بوو، هەڵمەتی ڕزگاركردنی بست بە بستی خاكی كوردستانیان دەست پێكردبوو، دوو فڕۆكەی ئەمریكی لە جۆری F14 بە هەڵەی سەربازی مووشەكێكیان ئاراستەی هێزەكەی پێشمەرگە كرد، لە ئەنجامدا ١٧ پێشمەرگە شەهید بوون و فەرماندە وەجی بارزانی و مەنسور بارزانی و ٤٧ پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون.

شەهیدەكان پێكهاتبوون لە: (١- شەهید میرخان بێداروونی. ٢- شەهید سەفەر میرزائاغا مێرگەسۆری. ٣- شەهید ڕەشوخان ئاڤدەل هەركی. ٤- شەهید عەبدوڵڵا شەریف كركەمۆیی. ٥-شەهید كامەران عەلی مەحموود. ٦- شەهید حادێ‌ سلێمان حادێ. ٧-شەهید سەمیر سەعید ئەسعەد. ٨-شەهید سەردار ڕەشید محەمەد. ٩- شەهید شابەندەر محەمەدئەمین زێرۆ. ١٠-شەهید نیاز رەحمان عەوڵا. ١١- شەهید خورشید ساڵح محەمەدئەمین. ١٢- شەهید محەمەد وەسمان حەمەد. ١٣- شەهید محەمەد حەمەد مستەفا. ١٤- شەهید تەحسین سمكۆ محەمەد. ١٥- شەهید وەلید جەمال عەوڵا. ١٦- شەهید عوسمان عەبدوڵڵا بەهرام. ١٧- شەهید كامەران عەبدلڕەزاق رۆژنامەنووس).

برینەكانی فەرماندە وەجی بارزانی زۆر سەخت بوو، بۆیە بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی كوردستان كرا، دوای ئازادكردنی عێراقیش، لە ڕێوەرسمێكی شایستەدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا مەدالیای ئازایەتی و  شایستەیان پێشكەش بە فەرماندە وەجی بارزانی كرد، بەرامبەر بە ڕۆڵ و فیداكاری لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق.