بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستکەوتی گەورەی بۆ کورد بەدواوە بوو

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ شەممە ساڵوەگەڕی ڕووداوێکی گرنگی جیهانی بوو کە ئاکامەکەی دامەزراندنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان و حکوومەت و قەوارەی سیاسیی و جوگرافی هەرێمی کوردستان بوو و نەهامەتی و کۆڕەو بۆ دەرفەت و دەستکەوتێکی گەورە گۆڕدرا کە تا ئەم ساتە گەلی کوردستان لە ژێر سێبەریدا حەساوەتەوە.

دوێنێ شەممە ڕێک سی و چوار ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تێپەڕی کە بە دەستپێشخەریی فەڕەنسا دەرکرا. بڕیارنامەکە ڕێک مانگێک دوای ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان و پێنج ڕۆژ دوای کۆڕە بوو.
راپەڕین لە پێنجی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیەوە دەستی پێکرد و تا نەورۆزی ساڵەکەی خایاند و زۆربەی شار و ناوچەکانی باشووری کوردستان بە کەرکووکیشەوە ڕزگار کران بەڵام لەپڕ وەڵام و هێرشی سوپای بەعسی عێراقی بەدواوە بوو و ویستیان ئەو تاوانە بەدناوەی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران کە لە دەیەی هەشتاکان پێیان تەواو نەکرابوو بە تەواوی سەری بخەن، بۆیەش هێرشەکە لە ئاسمان و زەوییەوە دەستی پێ کرد و خەڵکی کوردستان لە ترسی گیانیان ڕوویان لە سنوورەکانی تورکیا و ئێران کرد. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە ٣١ی ئاداری ساڵەکەدا سەدان هەزار هاووڵاتی ماڵ و حاڵیان جێهێشت‌ کە دواتر بە کۆڕەوی یەک ملیۆنی ناسرا.
هەرچەندە ئەو کات شتێک بە ناوی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەنتەرنێت نەبوو و گەلی کورد دەنگی بە ئاسانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدەگەیشت بەڵام تاوانەکە ئەوەندە گەورە بوو لە ماوەیەکی کەمدا هەواڵەکەی بە میدیاکانی جیهاندا بڵاو بووەوە و هێندەی نەخایاند ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێنایە سەر خەت.
لە پێنجی نیسانی ١٩٩١بڕیارەی ٦٨٨ بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسند کرا و هیچ وڵاتێک ڤێتۆی لە دژی بڕیارەکە بەکار نەهێنا و داواکارییەکەی فەڕەنسا سەرکەوت و بڕیا درا ناوچەیەکی ئارام لە سەرووی ھێڵی سی و شەش پلە بۆ کورد دابنرێت، بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک لە تورکیا . ئەو چەترە تەناهییەی بۆ کوردستان دروست بوو ڕێی خۆش کرد بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ساڵێک لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ هەڵبژاردن بکات و لە چواری تەمووزی هەمان ساڵ یەکەم کابینەی حکوومەت دامەزرێنێت.
فەڕەنسا لە دەرکردنی بڕیارنامەی ٦٨٨ ڕۆڵێکی زۆر کارای گێڕا و ئەمەریکاش ڕۆڵی ئەرێنی بینی کە لە جەنگی یەکەمی کەنداو ڕژێمی بەعسی تەواو لاواز کردبوو، تەنانەت لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٩١ و چەند هەفتەیەک دوای دەرکردنی بڕیارنامەکە، دانیال میتران هاوسەری فڕانسۆ میتران سەرۆک کۆماری ئەوکاتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی ڕزگارکراوی كوردستانی كرد و لە نزیکەوە لەگەڵ نەهامەتییەکانی کورد لەو پارچەیەی کوردستان ئاشنا بوو، ئەو ساڵی ٢٠٠٩ بۆ جاری دووەم سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوکاتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی كرا، سۆز و خۆشەویستیی میتران بۆ کورد ئەوەندە زۆر بوو کە لە کوردستان بە دایکی کورد ناسرا و کۆمەڵێک شەقام و دامەزراوەی بەناو کرا.
پێوەندییەکانی پاریس و هەولێر لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش هاوشێوەی پێوەندییەکانی نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆی هاوپەیمان و دۆست گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
لە ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ بۆ یەکەم جار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، فڕانسۆ ئۆڵاند سەرۆکی ئەو کاتی فەڕەنسا وەک سەرۆک کۆماری یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی جیهان کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن سەرۆک بارزانی پێشوازی لێ کرا. ئەو جارێکی تر لە ٢٠١٧ سەردانی کوردستانی کرد و دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش فەڕەنسا یەکەم وڵات بوو کە دەرگای دیپلۆماسی بەرەوڕووی کوردستاندا کردەوە و ئیمانوێل ماکرۆن کە تازە پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرتبوو هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستانی دا و تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢١ خۆیشی سەردانی کوردستانی کرد.
راستە لە سایەی بڕیاری ٦٨٨ هەرێمی کوردستان لە زۆر مەترسی پارێزرا و توانی قەوارەی سیاسیی خۆی دابمەزرێنێت بەڵام دوای سی و چوار ساڵ لەم ڕووداوە هێشتا لە عێراق و لە ئاستی ناوچەکەش کەسانێک هەن کە دوژمنایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن و سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی و چەسپاندنی مافەکانی کوردستان لە دەستوور، کەم نین ئەوانەی دەیانەوێت کۆتایی بە قەوارەکە بهێنن.