کوردستان جەژنێکی ئارام و ئاوەدانی بەڕێ کرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی ھەر بۆنەیەک گەشتیارێکی زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، ھەتا لە وڵاتانی دیکە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمساڵیش بۆ جەژنی ڕەمەزان گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکان کردبوو و ھەموو شوێنەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانیش، دەڵێت: پلانی جەژن وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا و قەبارەی وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری گەیشتووەتە ٧ ملیار و ٥٠٩ ملیۆن دۆلار.

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی بۆنە و جەژنەکان لیژنە ھاوبەشەکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن لەوانەش؛ ھۆتێل و مۆتێل و خواردنگە و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە، لەپێناو پێشکەشکردنی زۆرترین ئاسانکاری بۆ ئەو گەشتیارانەی کە لە ڕۆژانی جەژن سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
جەژنی ڕەمەزان ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندبوو چێشتخانە و ھۆتێڵەکان پڕببوون لە گەشتیاران، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا وای کردووە کە ڕۆژبەڕۆژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
بەگوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لەو چەند ڕۆژەدا سەردانی ھەرێمیان کردووە لە سەرووی پێشبینیەکان بووە و ئاماری ھاتنی گەشتیارانیش بۆ ھەرێم دڵخۆشکەرە و ھاتنی گەشتیاران ژمارەیی پێوانەیی تۆمار کردووە.
ساڵانە زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرنامەڕێژی و پلانی ستراتیژی داڕشتووە بۆ ئەوەی حکوومەت وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات پشت بە کەرتی گەشتیاری ببەستێت.
تیمەکانی تەندروستی، ھێزەکانی ئەمنی، پۆلیس و ئاسایش لە ھەموو شوێنە گەشتیارییەکان بڵاوببوونەوە و لەناو گەشتیاراندا دەبینران و لە خزمەتی گەشتیاران دابوون ئەوەش ببووە جێگەی خۆشحاڵی گەشتیاران و ھیواداربوون کوردستان ھەروەھا خۆش بێت و ڕۆژبەڕۆژ پێش بکەوێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگاکان لە پێش جەژنی ڕەمەزان ڕێکاری تایبەتی ژینگەپارێزیان دارشتبوو و دەستەی ژینگەش داوای لە ھەموو گەشتیاران کردبوو لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان دیمەنی سەیرانگاکان بە پاک و خاوێنی ڕابگرن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە پەیامی پیرۆزبای جەژن داوای لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی ھاتووچۆش جێبەجێ بکەن.
ڕێکارەکانی دەستەی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ڕۆژانی جەژن ئەمساڵ بەدی دەکرا، دابەشکردنی کیسی خۆڵ و خاشاک بەسەر گەشتیاران ھەوڵێک بوو بۆ ئەوەی گەشتیاران ژینگە بپارێزن، بایەخدان بە پاراستنی ژینگە وەک بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانی بەشێک بوو لە ھۆشیاری دەستەی ژینگە بۆ گەشتیاران.
گەشتیاران دەڵێن، کوردستان زۆر خۆشە، ئەمن و ئاسایش ھەیە، لە بازگەکان ئاسانکاری بۆ گەشتیاران کراوە، خزمەتگوزاری باش پێشکەشکراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ساڵانە چەندین جار سەردانی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان بکەین.
مریەم یونس، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کەشوھەوای کوردستان زۆر خۆشە، لە بازگەکان و شوێنەکانی دیکە ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران کراوە، خزمەتگوزاری باش پێشکەش کراوە، ئەمن و ئاسایش ھەیە ئەوەش وای کردووە کە ساڵانە دوو بۆ سێ جار سەردانی ھەرێمی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان بکەین.
ئەحمەد سەعید، گەشتیارێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەموو ساڵێک دێین بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و ناوچەکانی دیکە، ناوچەی گەشتیاری زۆر خۆشن، ڕۆژبەڕۆژ کوردستان خۆشتر و جوانتر دەبێت، خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی بەرزدان.
نوری ئەیاد، ئەویش کە لە بەغداوە ھاتبووە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران، ئاشکرای کرد: کەشوھەوای کوردسان زۆر خۆشە، کوردستان ئارامە، خوا ئەم وڵاتە جوانە بپارێزێت، خەڵکێکی زۆر باش لە کوردستان ھەنە و ڕێز لە گەشتیاران دەگرن و وا دەکەن کە گەشتیارێکی زۆرتر ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان بکەن، بوونی تاڤگە و ئەشکەوت و ھاوین ھەواری جوان وای کردووە کە ساڵانە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەین.
عەلا مونیر، گەشتیارێکی دیکەیە و لە ئێرانەوە ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، ھاتنمان لەڕێگەی گرووپاتی گەشتیاری بووە، ھاتووین بۆ گەشت و سەیران، شوێنەکە زۆر خۆشە و ئارامی ھەیە و خەڵکەکەی ئەوەی پێیان بکرێت بۆ گەشتیاران دەکەن، بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئەوەش وای کردووە کە ساڵانە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، سەبارەت بە پلانی پێشوازی کردن لە گەشتیارانیش، خۆشبەختانە پلانەکە بە ھەماھەنگی دەستەی گەشتوگوزار و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێم، چۆن داڕێژرا بوو، وەکو خۆی جێبەجێ کرا، ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەدا، جەژنێکی نموونەیمان بەڕێ کرد، ھەوڵدرا دیوێکی جوانی میوانداری نیشانی گەشتیاران بدرێت، ھەر ئەوەش کرا، بەگوێرەی ئەو فیدباکەی کە وەرمان گرتووە لە کۆمپانیا و بنکە گەشتیارییەکان و کەرتی تایبەت ھەروەھا تیمەکانمان کە لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکەیان دەکرد ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیار بۆ ئەو جەژنە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران، لەو دوو ڕۆژەدا ژمارەی گەشتیاران کە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردوو ڕادەگەینین.
گوتیشی: پلانێکی ھەشت ساڵەمان ھەیە لە دەستەی گەشتوگوزار، پلانی ھەشت ساڵە ژمارەیەک ئامانجی ستراتیجی گەورە لە خۆ دەگرێت، ھەر لە پەرەپێدانی زیاتری ژێرخانی ناوچە گەشتیارییەکان زیاتر کردنی پڕۆژە گەشتیارییەکان، ئەنجامدانی چالاکی زیاتری گەشتیاری، ھەروەھا زیاتر بە بازاڕکردن بۆ ھەرێمی کوردستان وەکو ڕووگەیەکی گەشتیاری تا بتوانین سەرنجی ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران ڕابکێشین.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە سێکتەری گەشتیاری داوە و لە ساڵی ٢٠١٩ ھەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ قەبارەی وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری بریتی بووە لە ٧ ملیار و ٥٠٩ ملیۆن دۆلار، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ بە سەرمایەی ٣٢٢ ملیۆن دۆلار ٢٨ پڕۆژەی ستراتیژی و گەورەی گەشتیاری لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، بۆیە کەرتی گەشتیاری لەسەردەمی کابینەی نۆیەم بە سەردەمی زێڕینی خۆیدا تێپەڕیوە، کابینەی نۆیەم بۆ گەشتوگوزار خاڵی وەرچەرخان بووە، گەشتوگوزار قۆناغێکی باشی بڕیوە، حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی سەرەکی بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیارییە لە ھەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی گوت: لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣١٠٠ شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن، بنکە گەشتیارییەکانیش بریتین لە ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، ٤٤ کۆمەڵگەی گەشتیاری، نزیکەی ھەزار ڕیستورانت و خواردنی خێرای گەشتیاری، ٧٠٠ کافتریای گەشتیاری و ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن، ھەموو ئەمانە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن.