رۆژنامەی ھەولێر

مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی ٦٦ ساڵه‌ى دەرچوونی ڕۆژنامەی خە‌بات دەکات

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی بە بۆنەی ٦٦ ساڵەی بە ئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و، تەواوی کادر و نووسەر و کارمەندانی ئەم ڕۆژنامە دێرینە دەکات.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛
لە یادی ٦٦ ساڵەی بە ئاشکرا دەرچوونی یەکەم ژمارەی (ڕۆژنامەی خەبات)دا، گەرمترین پیرۆزبایی و سڵاومان پێشکەش بە سەرنووسەر و، تەواوی کادر و نووسەر و کارمەندانی ئەم ڕۆژنامە دێرینە دەکەین.
ڕۆژنامەی خەبات بۆتە گەوھەرێکی پڕشنگدار لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردیدا. ئەم چرایە، بە درێژایی مێژووی خۆی، ڕێگەی بیری ئازاد و ھەستی نەتەوەییمانی بە وشە ڕۆشن کردووەتەوە و لە سەختترین ھەلومەرجیشدا، نەسرەوتووانە بەرگری لە ناسنامەی خۆی کردووە.
لەم بۆنە شکۆدارەدا، جارێکی دیکە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ بەردەوامی خەبات دووپات دەکەینەوە. ھیوادارین وەک چۆن تا ئێستا لە ئاستی ناوبانگ و شکۆی مێژوو و ڕابردوویدا بووە، لەمەودواش بەرەو لووتکەی زیاتری سەرکەوتن ھەنگاو بنێت.
ھەزاران سڵاو و وەفا بۆ گیانی پاکی ھەموو ئەو تێکۆشەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەی کە لە سەنگەری (ڕۆژنامەی خەبات)ەوە، شەونخوونییان کێشاوە و بێوچان لە خزمەتی گەشەپێدانی ڕۆژنامەوانیی کوردی و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا بوون.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان