بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانی بڵاو کردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
هاونیشتیمانی ئازیز، بۆ سەلامەتیی خۆت تکایە پەیڕەوی ئەم ڕێنماییانە بکە:
1.لە کاتی هەر ڕووداوێک سەرەتا پەیوەندی بە ژمارە (115) بکە بۆ ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە زووترین کات بگەنە شوێنی ڕووداو.
2.ئەگەر بە مەبەستی گەشت و سەیران لەماڵ دەرچوویت، باشترە هەموو ئامێرە کارەباییەکان بکوژێنرێنەوە، چونکە لە ماوەی ڕابردوو زۆرترین ڕووداوی سووتانی ماڵان بەهۆی شۆرتی کارەباوە ڕووی داوە.
3. ناوچە گەشتیارییەکان بپارێزە، وریای پاشماوەی ئاگری چێشتلێنان بن، کە کارتان تەواو بوو بەتەواوی بیکوژێننەوە.
4. خەڵووزی نێرگەلە هۆکاری سەرەکییە بۆ کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵان و ناوچە گەشتیاریەکان، بۆیە بە وریاییەوە بەکاری بێنن.
5. بەهۆی کەمیی بارانبارین لەمساڵدا و وشکیی خاک و بوونی پوش و پەڵاش، فڕێدانی جگەرە مەترسیدارە، بۆیە کە جگەرەکەت کێشا لە جامی ئۆتۆمۆبیلەکەت فڕێی مەدە دەرەوە، بەتایبەتی لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار.
6. خاوەن هوتێل و مۆتێلەکان و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت بەتەواوی ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی جێبەجێ بکەن کە پێیان دراوە، چونکە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەر دەبێت بەهۆی هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
7. شەقامەکانی دەرەوەی شار قەرەباڵغ دەبن تکایە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل پەیڕەوی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن بۆ سەلامەتیی خۆتان و خەڵک.
8. لەو ناوچانەی ئاوی لێیە تکایە مەلە مەکەن، ژیانی خۆتان مەخەنە مەترسییەوە.
9. دایکان و باوکان تکایە ئەگەر بە مەبەستی گەشت چوونە دەرەوە، ئاگاداری منداڵەکانتان بن لەو شوێنانەی ئاوی لێیە، با ڕووداوە ناخۆشەکانی ساڵانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە.
10. لە هەموو بارودۆخێکدا تکایە بە زووترین کات پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانیی ژمارە (115).