ڕێبەر ئەحمەد بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان: بۆ زۆرکردنی بینەر و فۆڵۆوەر دوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ئازادیی ڕادەبڕین و دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە زانیارییەکان. گوتیشی: تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر و فۆڵۆوەر ، دوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون، بەڵکو بۆ چارەکردنی کێشەکان ڕووماڵی ئەو ڕووداوانە بکەن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاگەیاندن وەکو پێناسەی خۆی دەسەڵاتی چوارەمە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە ڕێز لێگیراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندە بە ئازادی ڕادەبڕین و گەیشتن بە زانیارییەکان بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسان.

گوتیشی: ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم کاری لەسەر دەکرێت، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕاگەیەندنەکان ڕەخساندووە، هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن زۆر گرنگە کە هەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزێت، هەمیش زانیاری پێویست بگەیەنێتە کۆمەڵگە و ئەو دیاردە ناشرینانەش دەست نیشان بکات، تاوەکوو چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، پرسیارەکە ئەوەیە دەبێت بەچ شێوازیک ڕووماڵی ئەو بابەتانە بکرێت، کەسمان دژی ئەوە نەبووین کە ڕاگەیاندن باسی ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانی ڕابردوو بکات، بەڵام دیاردە نەشازەکان بخرێتە بەر دیدی هەموو لایەک بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.

دەشڵێت: داوامان لە ڕاگەیاندنەکان ئەوەیە، تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر و فۆڵۆوەر دوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون، بەڵکو بۆ چارەکردنی کێشەکان ڕووماڵی ئەو ڕووداوانە بکەن، تکایە ڕۆڵی پۆلیس و داواکاری گشتیی و پزیشکی دادوەری مەبینین، یان لە بەرنامەکانتان بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاوانباران قسە مەکەن. چونکە دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ ئەوەی تاوانبار پاساو بۆ تاوانەکەی بهێنێتەوە.