313 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی 550 ئامێری ڕاکێشانی پارەی سەر بە پرۆژەی “هەژماری من” مووچەی مانگی ئاداریان وەردەگرن.
تیمی پرۆژەی “هەژماری من”ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، 27-03-2025، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ) بە شێوەی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ئەی تی ئێم) دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی ئامارەکان، 313 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی “هەژماری من”ـەوە مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی ئەمساڵ وەردەگرن. لەو ژمارەیە، 228 هەزار و 700ـیان فەرمانبەری مەدەنی و 84 هەزار و 600ـی دیکەیان پێشمەرگەن.
تیمی پرۆژەی “هەژماری من” ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەخۆران دەتوانن لە ڕێگەی 550 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ئەی تی ئێم)ـی حەوت بانکی بەشدار لە پرۆژەکە کە لە 200 شوێنی جیاواز لە شار و شارۆچەکانی هەرێمی کوردستان دانراون، مووچەی مانگی ئادار وەربگرن.
ئەوەش خرایە ڕوو، تاوەکوو ئێستە لە کۆی یەک ملیۆن سوودمەند، 732 هەزار سوودمەند لە پرۆژەی “هەژماری من” تۆمار کراون و 405 هەزار مووچەخۆر کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە.
ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا، مووچەیان لە ڕێگەی پرۆژەی “هەژماری من”ـەوە وەرگرتووە:
1. مانگی ئایاری 2024: 50 هەزار مووچـــەخـۆر.
2. مانگی حوزەیران 2024: 75 هەزار مووچەخۆر.
3. مانگی تەمموزی 2024: 120 هەزار مووچەخۆر.
4. مانگی ئابی 2024: 132 هەزار مووچەخۆر.
5. مانگی ئەیلوولی 2024: 152 هەزار مووچەخۆر.
6. مانگی تشرینی یەکەمی 2024: 192 هەزار مووچەخۆر.
7. مانگی تشرینی دووەمی 2024: 219 هەزار مووچەخۆر.
8. مانگی شوباتی 2025: 275 هەزار مووچەخۆر.
9. مانگی ئاداری 2025: 313 هەزار مووچەخۆر.