سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی “دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆتە پردێکی بەھێز لە نێوان خەڵکی خواپێداو و ھەژار و کەمدەرامەت، لەم مانگە زیاتر لە ٣٠ھەزار پاکێجی خۆراکمان بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتدا دابەش کردووە و بەردەوامیش دەبین، ھەر لەم مانگە چەندین خێزانی ھەژار لە کرێچێتی ڕزگارکراون.”
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “دەزگای خێرخوازی بارزانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوبەشەکانی خۆی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر لە ٣٠ھەزار پاکێجی خواردنی لەم مانگە پیرۆزەدا بەسەر ھاووڵاتییانی ھەژار دابەش کردووە و ژمارەیەکی زۆر ئێوارە خوانیشمان بۆ ڕۆژووەوانان ئامادە کردووە، ئامانجی سەرەکی دەزگای خێرخوازی بارزانی چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی کەمدەرامەتە بە شێوەیەکی بنەڕەتی نەک کاتی، لەو دیدگایەوە لە مانگی ڕەمەزان چەندین خێزانی کەمدەرامەت و ھەژار بوونەتە خاوەن خانووی خۆیان و لە کرێچێتی ڕزگاربوونە.”
موسا ئەحمەد گوتیشی “دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆتە پردێکی بەھێز لە نێوان خواپێداوان و خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت، بە ھاوکاری لەگەڵ ھاوبەشەکانی خۆمان بەردەوام خزمەتی ھاووڵاتییان دەکەین بەبێ جیاوازی.”
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە مانگی ڕەمەزان پڕۆژەیەکی ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٦١ھەزار دۆلار ھاوکاریی دارایی بەسەر سێ ھەزار و ٥٦٢ منداڵی بێ دایک و باوکدا دابەشکرد، بڕیارە قۆناغی دیکەشی بەدوادا بێت و بە ھاوکاری مانگی سووری ئیماراتی زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار بەسەر ١١ھەزار منداڵدا دابەش بکات.