جۆش و خرۆشی ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز بوو

ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ناوخۆ و وڵاتانی جیهان گڕ و جۆشێکی گەورەی هەبوو، بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی ئەمە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بوو بۆ پشتیوانی لە کوردانی هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بە ڕێگە چارەی ئاشتیانە.

كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی پەیامێكی سەركەوتنی لەبارەی ئاهەنگە گەورەکەی كۆڵن بڵاو كردەوە و دەڵێت؛ سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەین و پەیامەكەی وەك پشتیگیرییەكی بەهێز بۆ گەلی كورد و كوردستان لە دیاسپۆرا و پارچەكانی دیكەی كوردستان دەبینین.
لە کۆڵن، زیاتر لە 50 هەزار كورد، لەگۆڕەپانێك هەڵپەڕكێ و خۆشی خۆیان لە نەورۆز دەربڕی و ژمارەیەك لە پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوور مەترێك بە بازنەیی چاودێریی دۆخەكەیان كرد. دوای تەواو بوونی ئاهەنگەکەش، سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری فراوانی كورد دەربڕی و ڕایگەیاند: لە ئاهەنگەكە دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا، لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.
ئاهەنگەکەی کۆڵن، ژمارەیەکی بەرچاوی میدیایی جیهانی ڕووماڵی کرد و ماڵپەڕێکی ئەڵمانی سەبارەت بە جۆش و خرۆشی ئاهەنگی کوردان لە نەورۆزی ئەمساڵ، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت؛ نەورۆزی ئەمساڵ مانایەکی گەورەتری بۆ كورد هەیە، چونكە ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێكردووە و هیوایەك هەیە كورد لە توركیا و سووریا مافەكانیان بەدەست بهێنن.
چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە نەورۆزی ئەمساڵ ڕوحیەتی پێکەویی نێوان کوردانی جوانتر نیشاندا بە تایبەت لە کاتێکدا کوردانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵات خەریکە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە، هەولەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چارەی ئاشتیانەی کورد لە تورکیا لە ماوەی رابردوودا زۆرترین فۆکسی میدیایی لەسەر بووە و ئێستاش هەوڵەکان زۆری نەماوە بە ئەنجام بگەن.
لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان باوەشی خۆی بۆ دانوستانەکانی کورد لە ڕۆژئاوا لەگەڵ حکوومەتی کاتی سووریا واڵا کرد و سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی کرد و ئەو کۆبوونەوەیەی نێوانیشیان بووە هەواڵی گەرمی میدیا جیهانییەکان و لە بارەیەوە زۆر شت وترا و هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەک ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن و هەوڵبدەن لە ڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵ دیمەشق بگەنە ڕێککەوتنێک و مافی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت.
لە ڕۆژهەڵاتیش، بە دروشمی نەورۆزی خاکیپۆشانە و ئەو جۆرە جلوبەرگ و ڕەنگەیش لە یاساکانی ئێران قەدەغەکراو نین، لە کاتێکدا هەمووان بە ئاشکرا دەزانن کە ڕەنگی جلوبەرگەکە هێمای ڕەنگی جلکی پێشمەرگەیە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو خەباتە مەدەنییە پەیامی خۆیان دەگەیەنن و سووربوونیان لەسەر مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانیان دووبارە دەکەنەوە.
وەک پێشتر لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هەولێردا ئاماژەی پێکرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان چالاک و ڕێکخەری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە لایەن هێزەکانی ئێران گیراون و هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سەقز گۆرانیبێژێک کە لە نەورۆزی ساحێو، گۆرانی و سروودی چڕیبوو، لە لایە هێزەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و لە شنۆیش بەهۆی ئەوەی کە خەڵک بێ گوێدان بەو ڕێوشوێنە توندە ئەمنییەی حکوومەت گرتبوویە بەر نەورۆزیان بەڕێوە برد یەکێک لە ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و نە ناوچەکانی تری کوردستان دەیان کەس بەو هۆیەوە دەستبەسەر کراون.