دوو ساڵ بەسەر وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تێپەڕی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ناکۆکییەکی ئەوتۆ لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نەماوە و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەربڕیوە

دوو ساڵ بەسەر وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیا تێپەڕی، چاوەڕوانیی ئەوە هەبوو بەر لە دووەم ساڵوەگەڕی ئەو وەستاندنە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە بەڵام دیار نییە چ ڕۆژێک دەست بە هەناردەکردنەوەی دەکرێتەوە و لێدوانی بەرپرسانی باڵای عێراق ئەوەیە بەمزووانە نەوتەکە ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکرێتەوە.

لە بیست و پێنجی مانگی ئاداری ٢٠٢٣ەوە هەناردەی نەوتەکە وەستاوە کە بە کەرکووکەوە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا. ئەگەر زیانی هەر مانگێکی هەناردەی نەوت بە ملیارێک دۆلار بخەمڵێنرێت، ئەوا کۆی زیانەکانی دەگاتە بیست و چوار ملیار دۆلار کە دەکرا بەهۆیەوە ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و ئابووری و عێراق و هەرێمی کوردستانی پێ بەهێز بکرێت.
عێراق ئامادە بووە تەحەمولی ئەو زیانە بکات بەو هیوایەی زیان بەر کەرتی نەوت لە کوردستان بگەیەنێت و کۆمپانیاکان لە بەرهەمهێنان دوور بکاتەوە و ناچاریان بکات گوێ بۆ ویستەکانی بەغدا شل بکەن بەڵام ئەمەی بۆ نەچووەتە سەر و دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا خەریکە لەگەڵ کۆمپانیاکانیش بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەگەن.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا گوتوویەتی گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوامە و پێشتریش گوتبووی بەمزووانە دەست بە هەنادەکردنەوەی نەوتەکە دەکرێتەوە.
بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوشارێکی نێودەوڵەتیش هەبووە و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمەریکا خوازیارن بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جۆرێک هاوسەنگی بۆ دابینکردنی نەوت بگەڕێتەوە و سەقامگیریی بازاڕی نەوتی پێ تۆکمەتر بکرێت.
دوێنێ سێشەممە، ئەمەریکا بیست و پێنج لەسەدا باجی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە نەوتی ڤەنزوێلا دەکڕن و لەو کاتەوەش ترەمپ کورسیی دەسەڵاتی وەرگرتووە سیاسەتی زۆرترین گوشار دژی ئێرانی ڕەچاو کردووە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە و دۆخی جیهانی ئەوە دەخوازێت هەناردەی نەوت بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێ لە گرانبوونی بگیرێت.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتبووی ڕێگەدان بە هاوبەشە کوردەکانیان لە عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جگە لەوەی کە بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵی نرخی بەنزین و نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دەبێت.
جێی باسە مانگەکانی یەکەمی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێوەندی بە حکوومەتی تورکیاوە هەبوو کە لەبەر بڕیاری دادگای فڕەنسا وەستاندی، بەڵام دواتر تورکیا ڕەزامەندی دەربڕی لەوەی لاری نییە نەوتەکە و دواتر بەغدا بە هۆکاری جیاواز دوای خست کە گرنگترینیان یاسای پێشووی بودجە بوو. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پێوەندی بە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان بوو کە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ئەویش چارەسەر کرا و خەرجییەکە لە پێنج دۆلارەوە بۆ شازدە دۆلار بەرز کرایەوە.
عێراق بە دووەم هەناردەکاری نەوت لە نێو وڵاتانی هەناردەکاری ئۆپێک هەژمار دەکرێت و بە ڕەوانەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێگەکەی بەهێزتر دەبێت. قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق نزیکەی سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیلە و ئەگەر ئەوەی کوردستان دست پێ بکات دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل کە سوودی زۆری بۆ ئابورییەکەی دەبێت.
ناکۆکییەکی ئەوتۆ لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نەماوە و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەربڕیوە و تەنیا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ماون بە تەواوی ڕازی بکرێن کە هەندێک تێبینییان لەسەر شایستە داراییەکانیان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە دوای جەژنەوە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە و دووبارە هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی نەوت لەسەر نەخشەی وزەی جیهان ڕۆڵی خۆی بەرجەستە بکات.