بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران: لە سنووری پەروەردەی گشتی ئیدارەی سۆران ھیچ قوتابخانەیەکی سەر خۆڵ نامێنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

قوتابخانە سەر خۆڵەکان نامێنن و ھەمووی کۆنکرێت دەکرێن، لەگەڵ ئەوەش ئەمساڵ چەند قوتابخانەیەکی نوێ دروست دەکرێن بەوەش کێشەی کەمی بینا لە سنووری چەند پەروەردەیەکی ئیدارەی سۆران نامێنێت.

مامۆستا حەسەن محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەندێک لە قوتابخانەکانی ئێمە کە ژمارەیان ١٨ قوتابخانە دەبن سەر خۆڵن، ئەوەش تا ڕادەیەک بۆ ئێمە بوونەتە کێشە، بەڵام لە سەرەتای دەوامی قوتابخانەکان دەرخستەیەک ئامادەکراو و ڕەزامەندیش لەسەر درا کە ئەو قوتابخانانەی سەر خۆڵن بە ھیچ شێوەیەک نابێت بمێنن، کراوە تەندەر و دراوەتە بەڵێندەر، بەڵام ئەو بەڵێندەرە کەمتەرخەم بوو لە کارەکەی، بۆیە ئێستا دراون بە کۆمپانیایەک ئەوەش وا دەکات نەک تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران، بەڵکو لە سنووری پەروەردەی گشتی ئیدارەی سۆران ھیچ قوتابخانەیەکی سەر خۆڵ نەمێنێت ئەوەش لە بەرژەوەندی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندایە، ھەروەھا ھەندێک قوتابخانە لەناو کابینەدان، ئەوانەش پێویستیان بەوەیە کە بینایان بۆ دروست بکرێت، چونکە کابینە، شتێکی کاتییە، دەبێت بەدواداچوون بکرێت و بەرنامەیەکی باشتر دابنرێت، ھەر بۆ ئەو مەبەستە قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی، لەگەڵ ٤ قوتابخانەی ٦ پۆلی، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، بەوەش تا ڕادەیەکی زۆر کێشە و گرفتەکانی ئێمە لەڕووی بینای قوتابخانەکان چارە دەبن.
لەلایەکی دیکەوە مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ئاشکرای کرد: بڕیارە ٨ بینای نوێ لەو گوندانە دروست بکرێن کە قوتابخانەی سەر خۆڵیان ھەیە، ١١ قوتابخانە بینایان کابینەیە و پێویستمان بەوە ھەیە کە ئەو قوتابخانانە بینایان بۆ دروست بکرێت، لەگەڵ ئەوەی پێویستمان بە قوتابخانەیەکی ئامادەیی، بنەڕەتی و باخچەی ساوایان ھەیە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەشڵێ: پار ساڵ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر ٣٤ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە.