بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق: جگە لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ هاووڵاتی دەتوانێ شوێنی دەنگدانی بگوازێتەوە لە ڕێگەی بنکەکانەوە

 

نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، ڕایگەیاند’ هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنی عێراقە و هاووڵتیان دەتوانن لە ڕێگای بنکەکانەوە شوێنی دەنگدانی خۆیان بگوازنەوە، جگە لەو شوێنانەی کە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە.

نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژانمەوانیدا سەبارەت بە نوێکردنەوەی بایۆمەتری و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق قسەی بۆ راگەیاندنەکان کرد و ڕایگەیاند؛ لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەست بە نوێکردنەوەی بایۆمەتری دەکەین. تاوەکو ئەوانەی ڕێکەوتی لە دایکبوونیان دەکەوێتە ساڵی 2007، بتوانن سەردانی بنکەکان بکەن، تاکو کارتی هەڵبژاردن دەربهێنن.
ئەوەشی خستەڕوو؛ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوێزنەوە، یاخود بنکەی دەنگدانیان بگۆڕن، بە هەمان شێوە دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بەمەبەستی گۆڕینی شوێنی دەنگدانیان.
وتیشی؛ هەڵبژاردنی ئەم جارە هەڵبژاردنی عێراقە، لە هەر 18 پارێزگاکەی عێراق ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە هاووڵاتی دەتوانێ شوێنی دەنگدانی بگوازێتەوە لە ڕێگەی بنکەکانەوە، تەنیا لە پارێزگای کەرکووک، موسڵ، سەڵاحەددین، ئەنبار هیچ گواستنەوەیەکی تێدا ناکرێت، چونکە ئەوانە ماددەی 140ن؛ لە دوو حاڵەتدا نەبێت، یەکەم،ئەو کەسانەی هاوسەرگیریان کردووە بۆ نموونە یەکێکیان لە کەرکووکە و ئەوی تریان لە هەولێرە، ئەوە دەتوانرێت گواستنەوەیان بۆ بکرێت، بەمەرجێک بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان هەبێت. مەرجی دووەم، خێزانەکە لە هەولێرە و سەرۆکی خێزانەکە لە کەرکووکە، بۆ ئەمەش دەتوانرێت گواستنەوەیان بۆ بکرێت. هەروا زیادکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە پیشتر لەبەر کەمیی تەمەنیان مافی دەنگدانیان نەبووە.
سەبارەت بە ڕەشکردنەوە و دەرهێنانی ناوی تۆمار کراوان، ڕایگەیاند؛ ئەو کەسانەی مردوویان هەیە دەتوان ڕەشکردنەوەیان بۆ بکەن، ناویان لە لیستی تۆماری دەنگدان دەربهێنن. ئەوانەی هێزی ئەمنیین و خانەنشین بوون، یاخود ئەوانەی ناویان بەهەڵە گەڕاوەتەوە، دەتوانن سەردانی بنکەکانمان بکەن و بۆ ڕاستکردنەوەی ناو و گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونیان.
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەستی پێکردووە کە بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و لەوبارەیەوە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دەست بە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران دەکرێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران، بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، لەوانە پرۆسەی تۆمارکردنی سەرەتایی، زیادکردن، چاککردنەوە، گۆڕانکاری، سڕینەوە، تۆمارکردنی ئاوارەکان، و تۆمارکردنی هێزە ئەمنییەکان.”

هەڵبژاردنی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکرێت
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاندووە؛ کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی خۆی تەواو کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا بکرێت، هاوکات گوتیشی، بۆ ئەم ساڵ ئامێری پێویست دابین کراون بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆ ڕوو نەدات.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە؛ ێشبینی دەکرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە 25ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت، چونکە هەموو نەخشە ڕێگاکان کۆمسیۆن بۆ ئەو ڕێککەوتە ئامادە کراون.”
باسی لەوەش کردووە؛ نزیکەی 28 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق مافی دەنگ دانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەم ساڵ لە دایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن، پێشبینیش دەکرێت ژمارەکە زیاد بکەن، ئەگەر ئەو دەنگدەرانەی کێشەیان هەیە زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و خۆیان تۆمار بکەن.