گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر تەموویلی مووچە لە بەغداوە بگات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری تەواوی كردووە مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەر لە جەژن دابەش بكرێت.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمشەو سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم نەناردنی مووچە نەماوە و ئەگەر تەمویلەكە بكرێت، ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كاتی خۆمان خەرج دەكەین بۆ ئەوەی بەر لە جەژن تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی سێ وەربگرن.
گوتیشی: لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی هەنگاوی باشمان بڕیوە و تەواوی ئەو كێشە تەكنیكییانەی مووچە كە هەبوون چارەسەركراون، ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق داواكاری تازەی نەبێت هیچ كێشەیەك بۆ مووچە نەماوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕالەوە تەموویلی مووچە كراوە و بڕیار لەسەر ناردنی بڕی زیاتر لە 954 ملیار دینار دراوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە سبەی چوارشهممه پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق