ڕائیب جادر – هەولێر
گفتوگۆ بەردەوامە لە نێوان شاندی ھەرێم و عێراق و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بگەنە ئەنجامی کۆتایی و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێتەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەناردەکردنەوەی نەوت نرخی سووتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان دادەبەزێنێت.
پەرلەمانی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەبەردەم ئاستەنگەکانی پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و گرفتەکانی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت ئەپیکۆر میوانداری بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کرد، مەبەست لەو میوانداریە ھۆکارەکانی دواکەوتنی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بوو و لەو بارەیەوە پرسیار ئاڕاستەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاماژەیان بە چەند وردەکارییەک کرد، بەپێی قسەی ئەوان ھەفتەی داھاتوو دەست بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەکرێتەوە.
نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نەماوە.
جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گاز، باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا قەسە لەبارەی ١٦ دۆلاری کۆمپانیا نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بۆ ھەر بەرمیلێک ١٦ دۆلار کێشەی لەسەرە ئەویش پێویستە گەرەنتی ھەبێت مانگانە بۆیان خەرج بکرێت، خاڵی دووەم، ئەو قەرزەی ھەیە چارەسەر بکرێت و پرسی دانانی ڕێژەی ھەناردەی نەوت ئەویش دیاری بکرێت و لەگەڵ تورکیاش ئەوە چارەسەر کراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا کێشەی لەسەرە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ چەندی پێویستە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆی و پێشتر ژمارەیەکیان حیسابکردبوو دەیەوێت زیاد بکرێت، بەھۆی زیادبوونی پێداویستی ناوخۆی بۆ ئۆتۆمبێل و کارەبا و کارگەکان، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت نرخی سووتەمەنییەکان ھاوتا بکرێت و پێشبێنی دەکرێت لەگەڵ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان دابەزێت.
نەھرۆ ڕواندزی، ئاماژەی بەوە کرد: تورکیا ئامادەی خۆی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و ھیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە.