سەفین دزەیی: نوێنەری وڵاتان بیروبۆچوونی سەرۆک بارزانی وەردەگرن

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت “دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی جێی سەرنج و بایەخ و ڕێزی سەرکردەکان بووە لەناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیش، بۆیە باڵیۆزەکان کە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن، زۆر جار بۆ ھەر بابەتێک کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت، دێن تا لە نزیکەوە بیر و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بزانن.”

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “نزیکەی ٥٠ باڵیۆز و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەکان لە عیراق و نانیشتەجێی عیراق لەگەڵ ٢٥ نێردەی دیپلۆماسی لە ھەرێمی کوردستان، سەرباری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەی ئاھەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاکرێ بوون، ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بەھایەکی زیاتر و خرۆشی زیاتری بە جەژنەکەدا، چەند باڵیۆزێکی بیانی لە عیراق کە نیشتەجێی ئیمارات و قەتەر و ئوردنن، یەکەم جاربوو ھاتبوونە کوردستان، دڵخۆشبوون بە بەشداریکردنیان لە جەژنی نەورۆز.”
سەفین دزەیی، سەبارەت بە ئەنجامدانی مەراسیمێک لە ئەنقەرە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر گوتی “ئەو کاتە نوێنەری پارتی بووم لە تورکیا، لە ساڵی ٢٠٠٠ بە فەرمی ئاھەنگی نەورۆزمان لە ھۆتێلێکی تورکیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی و ڕۆژنامەوان بەڕێوەبرد، بەڵام بە داخەوە ھەر زوو بووە مانشێتێکی توندی ڕەخنەئامێز، لە زۆربەی ڕۆژنامە تورکییەکانی ئەو کاتە ھێرشمان کرایە سەر و نووسیبوویان “چۆن دەبێ ڕێگە بدرێ ئاھەنگی نەورۆز لە ئەنقەرە سازبکرێ”، تەنانەت داوا دەکرا نوێنەرایەتی پارتی لە ئەنقەرە دابخرێ و نوێنەری پارتیش دەبێ دەربکرێ، بۆیە بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرام و گلەییمان لێکرا، بەڵام گوتمان “ئێمە پێشتر نامەمان بۆ ناردوون بۆ ڕەزامەندی، بەڵام ئێوە وەڵامتان نەداینەوە، وەڵام نەدانەوەش واتا ڕەتکردنەوە نییە”، لەوکاتەی ئەو گرفتە ھاتە ئارا شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەنقەرەی کرد و دیداری لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەبوو، کاک نێچیرڤان بارزانی پێی گوتن “ئەگەر نوێنەرایەتی ئێمە دابخرێ، ئێوەش دەبێ لە ماوەی ٢٤ سەعاتی داھاتوو نوێنەرایەتیتان لە ھەرێم دابخەن”، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا تێگەیشتنی بۆ بابەتەکە ھەبوو ھەر لەوێ چارەسەری کرد.”

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی “ئێستا ٢٥ ساڵ دوای ئەنجامدانی ئەو ئاھەنگە، ئاھەنگێڕان بە ئازادی لە تورکیا واتایەکی گەورەی ھەیە، پێشتر کە ئاھەنگی نەورۆز لە تورکیا و لە شارە کوردییەکان، لە دیاربەکر و جزیرە و شوێنەکانی دیکە دەکرا، لەژێر ھەڕەشە و کوشتن و گرتن و تۆقاندنی ھاووڵاتییان دەکرا، بەڵام ئەمساڵ سوپاس بۆ خوا بە ئارامی و دوور لە توندو تیژی بەڕێوەچوو.”
لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، سەفین دزەیی گوتی “پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، پەیامی یەکڕیزی بوو بۆ خەڵکی کوردستان، ئاھەنگ و گردبوونەوە و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردەواری لە دیاربەکر، لە پەیامەکەدا ڕوونیکردووەتەوە ئەگەر بارودۆخەکە وا بخوازێت کورد یەکڕیز بێت، شتێکی مەحاڵ نییە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕوونە کە ئەمڕۆ ناوچەکە بە بارودۆخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت مافەکانی خۆی بەڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی بچەسپێنێت.”
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکڕیزی کورد و پارێزگاریکردن لە کوردستانیانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی “دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی جێی سەرنج و بایەخ و ڕێزی سەرکردەکان بووە لەناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتی، باڵیۆزەکان زۆر جار کە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن، بۆ ھەر بابەتێک کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت، دێن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیر و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بزانن، جەنابیشیان کەسایەتییەکی خاوەن ئەزموون و پراگماتیکە.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، بۆ یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان بوو، ھاوکات پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پەیامە لەپێناو چارەسەری کێشەی کوردە بە ڕێگای ئاشتی، چونکە کەسایەتی و پێگەی سەرۆک بارزانی لای ھەموو لایەک ئاشکرایە، دەتوانێت کاریگەریی ھەبێت لە بەرەوپێشەوەبردنی ئەو پرۆسەیە کە بە شێوەیەکی دیراسەکراو پشتیوانی دەکات. پەیامی سەرۆک بارزانی کاریگەریی لەسەر لێکنزیکبوونەوەی کورد دەبێت.”