سەنتەرێکی دەروونی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکرێتەوە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەنتەرێکی تایبەت بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و چارەسەریی دەروونی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش لە دھۆک دەکرێتەوە. کەسوکاری ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەو ھەنگاوە بە ھەنگاوێکی گرنگ دەزانن و داوا دەکەن بەردەوام ھاوکاری و پشتگیرییان بکرێت.

کردنەوەی سەنتەرەکە ھاوکارێکی باش دەبێت و ڕزگاربووانی دەستی داعش دەتوانن چارەسەر وەربگرن و لە ماوەیەکی کەمدا وەکو ھەر مرۆڤێکی دیکەی ئاسایی بژین. بەگوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە ھەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە پێنج ھەزار کوردی ئێزدی شەھید کراون، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧، چەکدارانی داعش زیاتر لە شەش ھەزار و ٤٠٠ کوردی ئێزدییان ڕفاندووە و لەو ژمارەیە، زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کەسیان ڕزگار کراون، تاوەکو ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە دوو ھەزار و دوو کەس لە ڕفێنراوی ئێزدی نادیارە.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم مانگانە پشتیوانیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش دابین دەکات، تا ئێستا لەو پاڵپشتییە سەدان کەسی ڕزگاربوو سوودمەند بوونە، کە ئەم پڕۆژەیە سەرجەم ڕزگاربووان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین.
بەمزووانە ھەنگاوە کردارییەکان بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دھۆک دەست پێ دەکرێن. لازمە یوسف، کارگێڕی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کاتێک خوشک و دایکانی ئێمە لە دەستی داعش ڕزگار بوون، داوامان کرد سەنتەرێکی دەروونی بکرێتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو سەنتەرە دەکرێتەوە، کە لەو قۆناغەدا ڕزگاربووانی دەستی داعش زۆر پێویستیان بە سەنتەرێکی دەروونی ھەیە، بۆ ئەوەی لەو بارودۆخەی تێکەوتوونە ڕزگار بن و وەکو کەسێکی ئاسایی لەناو کۆمەڵگە بژین، لە ھەمان کاتدا بە سوپاسەوە مینحەی ڕزگاربووانی دەستی داعشیش ڕەزامەندی لەسەردرا.