بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی کوردی نەورۆز مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە بە ئامادە بوونی چەندین کەسایەتی سیاسی و دیبلۆماتکار و ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و میدیاکار و قوتابی، ئێوارە ئاهەنگێک و ئیفتاری سازکرد.
راوێژکار دکتۆرە رحاب خالید ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاراستەی گەلی کوردستان و عێراق کرد، هەروەها بە ناوی باڵیۆزی کۆماری عێراق لە قاهیرە دکتۆر قەحتان تەها خەلەف ئەلجەنابی و ئەندامانی باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە، پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و گەلی کورد و شێرکۆ حەبیب بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە قاهیرە کرد، دکتۆر ڕیهاب خالد ڕاشیگەیاند نەورۆز کە زیاتر لە سێ هەزار ساڵە یادی دەکرێتەوە، نوێنەرایەتی بەشێکی دانەبڕاوە لە میرات و ناسنامەی گەلی کوردمان، هێمای نوێبوونەوە، دووبارە لەدایکبوون، ئازادی و ڕزگاربوونە لە نادادپەروەری و ستەمکاری، لە چوارچێوەی خۆیدا بەهاکانی ژیان و ئاشتی و خۆشەویستی هەڵدەگرێت و دەیکاتە جەژنێکی هیوا و ژیانێکی نوێ تەنها سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ نییە، بەڵکو هێمای خۆڕاگری و گەشبینییە، پەیامێکە کە هەڵگری هیوایە بۆ سبەینێیەکی گەشاوەتر، و گوزارشت لە ئیرادەی گەلانی ئازاد دەکات بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کەوا عێراق بە فرەچەشنی کولتووری و نەتەوەیی خۆیەوە، ڕۆحی نەورۆز بە هەموو ماناکانیەوە بەرجەستە دەکات هەروەک چۆن بەهار لە دوای زستانەوە دێت، عێراقیش دوای هەموو تەحەددایەک، بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەنگاو دەنێت، لە سایەی هاوپشتی گەلەکەی لە هەموو پێکهاتەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراسیدا کە ڕێز لە فرەیی دەگرێ و مافی هەموو هاوڵاتییانی زامن دەکات ئیلهام لە ماناکانی نەورۆز وەربگرە لە بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێز و ئاوەدان و سەقامگیردا هیوادارین نەورۆز ٢٠٢٥ پڕ بێت لە ئاشتی و خۆشەویستی و سەقامگیری و پێشکەوتن.
دکتۆر حسێن ئەلهینداوی یاریدەدەری سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی لە وتارەکەی گوتی ” جەژنی نەورۆز پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و لێبوردەیی و برایەتییە گەلی کوردستان ئاراستەی عێراق و هەموو جیهان دەکات. گەلێکی لێبوردە و لە کۆنەوە ڕێگای تێکۆشان و ئازادییان زانیوە و پەیامی ئاشتی بۆ هەمووان هەڵدەگرن. هەروەها سەرکردەکانی لە پێگەیەکی بەهرەمەندن کە لەگەڵ مێژووی ئەم گەلەدا دەگونجێت لە هەموو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا.
شێرکۆ حەبیب بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە وڵاتی میسر وێرای سوپاس و بەخێرهاتی ئامادە بووان، ئاماژەی بەوە کرد کەوا نەورۆز بە واتای “ڕۆژی نوێ” دێت، و سەرەتای جوانترین وەرزە، کەئەویش وەرزی بەهارە و لەم وەرزەدا کوردستان بەرگی سروشتی رەنگاو رەنگ دەپۆشێ، لەگەڵ بۆنی گوڵ و گولزاری سروشتی، و ئەو جەژنە مانای ئازادییە، نەهێشتنی دیکتاتۆریەت، بینای دیموکراسی و ئازادیی بیروڕا .ئێمە ئیلهام لێ وەردەگرین بۆ ماناکانی مرۆڤایەتی و ژیان.
بەرپرسی پارتی لە قاهیرە لە درێژەی وتەکەی گوتی ئێمە کاردەکەین بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و لێبوردەیی و بەها باڵاکان و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە و توندوتیژی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە سەربنەماکانی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان بەڕێوەبچێت، ، کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕۆحێکی بەرزی نەتەوەیی، و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی.
شێرکۆ حەبیب دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ لێبوردەیی و برایەتی لە نێوان هەموو عێراقییەکاندا دەکات، هەر لە دامەزراندنیەوە لە 16ی ئابی 1946ەوە بە سەرکردایەتی باوکی ڕۆحی گەلی کورد، مەلا مستەفا بارزانی نەمر خەبات بۆ ئەو ئامانجانە هەوڵ دەدات، و کوردستان بۆتە دوورگەیەک لە سەقامگیری و دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ژێر رێنمایەکانی سەرۆک بارزانی.
لە درێژەی ئاخاوتنەکەی ئاماژەی بەوە کرد کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ٣٩ کورسی پەرلەمانە و خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی گەلی کوردستان بەمەش گەورەترین پارتە لەسەرانسەری عێراق.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە چەندین پیرۆزبایی پێگەیشت لە لایەن کەسایەتی و پارتە سیاسیەکان و کەسانی ئەکادیمی و راگەیاندکار پێگەیشت، شایانی باسە میدیاکانی وڵاتی میسر بەبایەخەوە هەواڵی ئەو یادەیان بڵاوکردەوە.