حکوومەت لە کۆنتڕۆڵ کردن و هەرزان کردنی نرخی بازاڕ سەرکەوتوو بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەند لە جەژنی ڕەمەزان نزیک ببینەوە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر قەرەباڵغتر دەبن، ھاووڵاتییان دەڵێن لەگەڵ ھاتنی مووچە جموجۆل زیاتر دەبێت و ئەمساڵ نرخی کەلوپەل لەگەڵ ساڵی ڕابردوو گونجاوترە.بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ڕێگەنادەین ھیچ بازرگان و خاوەن دوکانێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، نرخەکان بەرز بکاتەوە. دوکاندارەکانیش دەڵێن، چەند ھاوکاری خەڵک بکەین باشە بەتایبەتی لەو مانگەدا کە مانگی خێر و بەرەکەتە.

لیژنە پەیوەندیدارەکانی قایمقامییەتی قەزاکان، بە وردی چاودێری بارودۆخی بازاڕەکان دەکەن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ و کاری قۆرخکاری دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەندێک لە بازرگانەکان ئەمە وەک ھەلێک لێکدەدەنەوە تا کاڵا خراپ یان بەسەرچووەکانیان ساغ بکەنەوە، بۆ ڕێگرییش ڕێنمایی بە چاودێرییە بازرگانییەکان دراوە.
زیاد سەعدون، ھاووڵاتییەکی ئاکرێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: کوردستان ئەمن و ئارامە، ئەو ئەمن و ئارامیەش وای کردووە کە شەو و ڕۆژ دوکانەکان کراوە بن و خەڵک سەردانی بازاڕ بکات و پێداویستییەکانی جەژن بکڕن.
شاناز موسا، ئافرەتێکی چۆمانە و بۆ کڕینی کەلوپەلی جەژن ڕووی لە بازاڕی سۆران کردووە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: خەریکی کڕینی کەلوپەلی جەژنین و خۆمان بۆ جەژنی ڕەمەزان ئامادە دەکەین، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەمساڵ نرخی کەلوپەل لە چاو ساڵانی ڕابردوو زۆر گران نییە، ھیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر چاودێری بازاڕ بکەن، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت نرخی کەلوپەل لەسەر ھاووڵاتییان گران بکات و نرخی کەلوپەل زیاتر دابەزێت.
خەلیل خورشید، کە دووکانی چەرەزاتی ھەیە بۆ “ھەولێر” ئاشکرای کرد:” چەرەزات و خواردەمەنییەکان لەو جەژنەدا زۆرترین رەواجیان ھەیە، لە جەژنان چەرەزات و قەیسی زۆر لەلایەن خەڵکەوە دەکڕێت، ئەوانە بەلایانەوە سەرەکین.
ساڵانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ئامادەکاری دەکرێت و بازرگان و دوکاندار بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەلوپەل دێنە ناو بازاڕ، بۆ ئەمساڵیش بازاڕ لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژن گەرمتر دەبێت و خەڵک سەردانی بازاڕ دەکەن و خۆیان بۆ جەژن ئامادە دەکەن. شێخ نەوزاد شێخ کامل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەلایەن لیژنەکانی چاودێری بازرگانی بە وردی چاودێری بازاڕ دەکرێت.
بەرێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، ڕوونیشیکردەوە: لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کە ھەمانە وەکو چاودێری بازرگانی لە بۆنە نەتەوەیی و ئایینەکان سەردانی شار و شارۆچکەکان دەکەین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی شارەکان سەردانی بازاڕ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین نرخی کەلوپەل تا چەند جێگیرە و لیژنەکانی ئێمە تا چەند توانیویانە کۆنتڕۆڵی نرخی کەلوپەل و کواڵێتی خۆراک و پاکوخاوێنی خۆراکیان کردووە.
شێخ نەوزاد شێخ کامل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، دەشڵێ: ھەر دوکان و بازرگانێک پابەند نەبێت بە ڕێنمایەکانی چاودێری بازرگانی، سێ ئیجرائاتمان بۆ داناوە، لەوانە یەکەم لە ٥٠ ھەزار دینارەوە تا ٥ ملیۆن غەرامە دەکرێت، سێ ڕۆژ تا ١٠ ڕۆژ شوێنەکە دادەخرێت، ئەوەی دیکە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەکرێتەوە.