پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕی و حکوومەتی نوێ دانەمەزراوە

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا نەتوانراوە حکوومەت دابمەزرێنرێت. دانوستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە و هەر ئەوە ماوەتەوە کاری لیژنەکانی دانوستان کۆتاییان پێ بێت و جاڕی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بڵاو بکرێتەوە و دەست بە دیاریکردنی سەرۆکایەتییەکانی حکوومەت و هەرێم و پەرلەمان بکرێت.

شاندەکانی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوو براوەی سەرەکیی هەڵبژاردنن چەندین کۆبوونەوەیان لە ماوەی چەند هەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا هەبووە و یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانیش شازدەی ئەم مانگە لە نێوان مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تالەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە. دوای کۆبوونەوەکە هەر دوو لا ڕەوتی گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە ئەرێنی ناوبرد. مەسروور بارزانی خۆی ڕای گەیاند هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا.

هەموو چاوەڕوانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو بەر لە هاتنی نەورۆز هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینە بە پراکتیکی دەست پێ بکەن و بە لەبەرچاوگرتنی پشووەکانی نەورۆز و پاشان پشووەکانی جەژنی ڕەمەزان کە دەکەونە هەفتەی داهاتوو، دامەزراندنی حکوومەت بکەوێتە دوای جەژنی ڕەمەزانەوە.

هەر چییەک بێ ماوەیەکی زۆر بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و دواخستنی دامەزراندنی حکوومەت لە قازانجی هەرێمی کوردستاندا نییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش حەز دەکات هەرچی زووە حکوومەتەکە دابمەزرێت بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی نوێ ڕووبەڕوووی ئاڵنگارییە نوێیەکانی ناوچەکە ببێتەوە و خۆی بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکات.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکاریدایە و کوردستان بووەتە چەقی هاوکێشە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییەکان و بۆیەش هەبوونی حکوومەتێکی تۆکمە و یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان بە پێویستییەکی هەنووکەیی دادەنرێت. پەیامی سەرەکیی خەڵک بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بوو و داوا کراوە لە هەر پارچەیەکی کوردستان ناکۆکییەکان بەلاوە بنرێن و ماڵی کورد تۆکمە بکرێت.
جگە لە خەڵکی کوردستان هەموو ئەو شاند و دیپلۆماتکارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پەیامی وڵاتانیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنن یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانیان بریتییە لە پەلەکردن لە دامەزرانندی حکوومەت کە دەیسەلمێنەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە پێکنەهاتنی حکوومەت نیگەرانە و بە بایەخەوە لە داهاتووی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و حەز دەکات وەک فاکتەرێکی بەهێزتر لە هاوکێشەکانی ناوچەکە دەربکەوێت
هەینی ڕابردوو لە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مایکل واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە تەلەفون بە یەکەوە قسەیان کرد و پێداگرییان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کات کرد. هاوکات پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرا.
جگە لە ئەمەریکا پێشتریش بەرپرسانی بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا یەکێک لەو داواکارییە سەرەکییانەی لە هەرێمی کوردستانیان کردووە ئەوە بووە هەر چی زووە کابینەی دەیەمی حکوومەت دابمەزرێنن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بیستی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کرا و بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان سی و نۆ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بیست و سێ کورسی و نەوەی نوێ پازدە کورسی بەدەست هێنا و بەپێی یاسا پەنجا و یەک کورسیی پەرلەمان بۆی هەیە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دیاری بکات.

ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش ساغ ببنەوە ئەوا ڕازیکردنی لایەنەکانی تر کە لە هەڵبژاردن کورسییان بردووەتەوە زۆر ئاسانترە و جگە لەمە هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ پێکهێنانی کابینە نامێنێت. زەحمەتە بەر لە جەژنی ڕەمەزان حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت و ئەگەری زۆرە بکەوێتە مانگی چوارەوە و هەمووان ئارەزوویانە بەر لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان شەش مانگی بەسەردا تێپەڕێت، کابینەی دە ڕابگەیەنرێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.