سەرۆك بارزانی پەیامێك لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە كۆڵن بڵاو دەكاتەوە

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا كرد.

بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست و شوێنكەوتووانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەم گردبوونەوەیەدا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و سەلمێنەری ئەوەشە كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو ڕای گشتیی جیهانی.

هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.

لێرەدا سوپاسی تاك تاكی ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشی كوردانە و بە ڕۆحێكی نیشتمانپەروەرانە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەكەیان لەو گردبوونەوە پڕشكۆیەدا بە جیهانیان گەیاند و دەستخۆشیان لێ دەكەم.

هیوادارم هەمیشە لە خۆشی و جەژن و شادیدا بن، سڵاو لە هەموو خەباتگێڕان و ئازادیخوازان و دڵسۆزانی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بن.

مسعود بارزانی