سەرۆكی حكومەت: نەورۆز بیرهێنانەوەیە كە ستەم و بێدادی بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و میللەتانەی داوای ئازادی دەكەن ڕۆژێك هەر دەگەنە ئەو ئازادییە

ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ئاداری 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە شاری ئاكرێی پایتەختی نەورۆز، بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بەڕێوە چوو.

لە وتەیەكدا كە لە ئاهەنگەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت جەژنی نەورۆزی لە هەموو خەڵكی كوردستان و تەواوی ئەو نەتەوانەی دونیا پیرۆز كرد كە نەورۆز بەرز رادەگرن. هاوكات سوپاسی كچان و كوڕانی ئاكرێی كرد كە ساڵانە زەحمەت دەكێشن و دیمەنێكی زۆر جوان نەك بە تەنیا بۆ خەڵكی ئاكرێ، بەڵكوو بۆ كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش نیشانی هەموان دەدەن. هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە نەورۆز تەنیا ڕۆژێكی نوێی ساڵێكی نوێ نییە، بەڵكوو نەورۆز بیرهێنانەوەیە كە ستەم و زوڵم و بێدادی بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و میللەتانەی داخوازیی ئازادی دەكەن، رۆژێك هەر دەگەنە ئەو ئازادییە.
گوتیشی ئەمساڵ ، ساڵێكی گەلێك تایبەتترە بۆ ئێمە، چونكە پێشمەرگە و پارێزەری كوردستان، سەروەر و ڕێبەری ئێمە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵمانە.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

مێوانانی هێژا و بەڕێز، ئێوە هەمووتان
بەخێربێن سەرچاوان
هیوادارم خوا ڕۆژوو و نوێژ و تاعەتی ئێوە هەموان قەبووڵ بكات.
چەندین ساڵە كچ و كوڕی كوردان خەتیری ئاگری نەورۆز دەبەنە سەر چیا، بەڵام ئەوە دوو ساڵە بە شێوەیەكی فەرمی، كچ و كوڕانی ئاكرێ، خەتیری ئاگری نەورۆز دەبەنە سەرێ كەلهێ و ئەو چیایانەی ئاكرێ بۆ هەڵكردنی ئاگری نەورۆز.
نەورۆزی ئێوە هەمووان پیرۆز بێت، ئەمساڵ بە تایبەت، ساڵێكی گەلێك تایبەتترە بۆ ئێمە، چونكە پێشمەرگە و پارێزەری كوردستان، سەروەر و ڕێبەری ئێمە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵمانە، گەلێك بەخێر هاتن سەر سەر و سەرچاوان جەنابی سەرۆك.
جێی خۆیەتی سوپاسی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی فیدڕاڵ و جێگری وەزیر و شاندی لەگەڵیاندان بكەم، بۆ بەشداریكردنیان لەم ئاهەنگە. هەروەك بەخێرهاتنێكی گەرمی باڵوێز و كونسوڵ و دیپلۆماتكار و كەسایەتییە سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەم كە لەم ئاهەنگەدا لەگەڵماندا بەشدارن، هەموان گەلێك بەخێر هاتن، بێگومان ئەم ئاهەنگە بە بوونی ئێوە گەلێك خۆشتر دەبێت، سوپاسی هاتنی ئێوە دەكەین، هیوادارین ئێوە هەموان كاتێكی خۆشتان ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە هەبێت.
سوپاسێكی گەرمی خەڵكی ئاكرێ دەكەین كە هەموو ساڵێك ئامێزی خۆیان بۆ گەشتیاران دەكەنەوە و بە دڵێكی خۆش گەشتیار سەردانی ئاكرێ دەكەن. سوپاسێكی تایبەتی كچان و كوڕانی ئاكرێ دەكەین كە هەموو ساڵێك ئەم زەحمەتە دەكێشن و دیمەنێكی زۆر جوان نەك بە تەنیا بۆ خەڵكی ئاكرێ، بەڵكوو بۆ كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش نیشانی هەموان دەدەن.
نەورۆز تەنیا ڕۆژێكی نوێی ساڵێكی نوێ نییە، نەورۆز بیرهێنانەوەیە كە ستەم و زوڵم و بێدادی بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و میللەتانەی داخوازیی ئازادی دەكەن، رۆژێك هەر دەگەنە ئەو ئازادییە. هیوای من ئەوەیە كە ئەم رۆژە ببێتە دەستپێكی ئاشتی و پێكەوەژیان و بەختەوەری بۆ هەموو میللەتانی جیهان، بە تایبەتی بۆ میللەتی ئێمە و خەڵكی ئێمە لەم دەڤەرە.
پیرۆزباییەكی گەرمی نەورۆز لە خەڵكی كوردستان و عێراق و هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی جیهان دەكەم كە ئەم بۆنەیە پیرۆز رادەگرن و یادی نەورۆز دەكەنەوە.
لە ئێوە هەمووان پیرۆز بێت.