ئازادکردنی کەرکووک لە مێژووی کورددا وەک ڕۆژێکی پیرۆز دەمێنێتەوە

لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی ئازادکردنی شاری کەرکووک، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئازادکردنی کەرکووک لەلایەن پێشمەرگە و جەماوەری قارەمانی گەلی کوردستانەوە، نیشانەیەکی ڕوون بوو لە ئازادیخوازی و ئازایەتیی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە گشتی کە بەرەنگاری هەموو مەترسییەکان بوونەوە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی گەلی کورد.

دەقی پەیامەكەی لقی سێی پارتی لە یادی ئازادکردنی شاری کەرکووک:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

٢٠ی ئازار، ساڵیادی ئازادکردنی شاری کەرکووکە لە دەستی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر، شاری کەرکووک کە بە مێژوو و کەلتوور و فەرهەنگ و خەباتی سیاسیی خۆیەوە، بە ناوچەیەکی نەتەوەیی و ڕامیاریی گرنگ دادەنرێت بۆ کورد.

ئەم شارە بە پێکهاتەی جۆراوجۆری ڕەگەزی و ئایینییەوە، هەمیشە هێمای یەکگرتن و یەکڕیزیی گەلی کورد و هاووڵاتیان بووە.

ئازادکردنی کەرکووک لەلایەن  پێشمەرگە و جەماوەری بەشەرەف و قارەمان و دلێرەکانی گەلی کوردستان، نیشانەیەکی ڕوون بوو لە ئازادیخوازی و ئازایەتیی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە گشتی کە بەرەنگاری هەموو مەترسییەکان بوونەوە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی گەلی کورد.

ئازادکردنی کەرکووک، بە گەورەیی و قارەمانی و شانازی و نەبەردییەوە لە مێژووی کورددا تۆمار کراوە و وەک ڕۆژێکی پیرۆز دەمێنێتەوە.

لە سایەی حوکمی کورد لە کەرکووک، هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بە ئاشتی و هاوسەنگییەوە ژیان، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لە توانای کورد بۆ بەڕێوەبردنی شار و ناوچەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

وەکو لقی سێی پارتیمان، جەخت لە پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و یەکڕیزیی دەکەینەوە، پێویستە لەسەر هەموو هاووڵاتیان بە یەکڕیزیی و تەبایییەوە بەردەوام بن لە پاراستنی کەرکووک و مێژووە ڕەسەنەکەی.

سەرەڕای هەموو ئەو ناڕەحەتییانەی کە ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە و دەبێتەوە لە کەرکووک، لە هەمان دەمدا باوەڕی پتەومان بۆ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بە ئاشتی و هاوسەنگییەوە لە سەرووی هەموو بەرژوەندییەکانەوە دەبینین، هەروەکو بارزانیی نەمر لەبارەی کەرکووکەوە دەڵێت: کەرکووک دڵی کوردستانە٫ هەر کاتێک مرۆڤ توانی بەبێ دڵ بژیت، ئەوکاتە دوژمن دەتوانێت کەرکووک لە کوردستان جیابکاتەوە.

ڕزگارکردنی شاری کەرکووک، لە تەواوی کوردستانیان، جەماوەری خۆڕاگری کەرکووک و هێزەکانی پێشمەرگە پیرۆز بێت.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کەرکووک و کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

 

لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٠ی ئازاری، ٢٠٢٥