سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ته‌واوى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌ر كوردێك له هه‌ر كوێى جيهان بێت، دەکات. دەشڵێت، ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گه‌لى كوردستان گەورەترین هێز و باشترین رێبازە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، “جه‌ژنى نه‌ورۆز له كاتێكدا دێته‌وه كه ناوچه‌كه و جيهانيش له دۆخێكى ههستياردان. تێپه‌ڕاندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه، پێویستی به كاری هاوبه‌ش و گفتوگۆى بنیاتنه‌رى لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانه له ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ به‌غدا.”
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
جه‌ژنى نه‌ورۆزى نه‌ته‌وه‌يى و سه‌رى ساڵى نوێى كوردى له ته‌واوى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌ر كوردێك له هه‌ر كوێى جيهان بێت، هه‌روه‌ها له ته‌واوى گه‌لى كوردستان به هه‌موو پێكهاتهكانييهوه پيرۆز ده‌كه‌م. به گه‌رمى پيرۆزبايى له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و هێزه ئه‌منييه‌كان ده‌كه‌م، هيوادارم هه‌مووان جه‌ژنێكى خۆش و ئارام به‌سه‌ر به‌رن و جه‌ژنى كامه‌رانى و ئاسووده‌يى بێت.
نه‌ورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونه‌وه و ژيانه‌وه‌يه، جه‌ژنی هيوا و ئیراده و هه‌ستانه‌وه و خۆڕاگری و تێڕوانینه بۆ داهاتوویه‌كی باشتر. هه‌روه‌ك چۆن مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز به درێژایيی مێژوو سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بووه بۆ گه‌لی كوردستان، ئه‌مڕۆش بانگه‌وازێكی نوێیه بۆ یه‌كڕیزی و لێكگه‌يشتن و هاوكاری له‌پێناو پاراستنی ماف و ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ی سیاسيی هه‌رێمی كوردستاندا.
جه‌ژنى نه‌ورۆز له كاتێكدا دێته‌وه كه ناوچه‌كه و جيهانيش له دۆخێكى ههستياردان. تێپه‌ڕاندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه، پێویستی به كاری هاوبه‌ش و گفتوگۆى بنیاتنه‌رى لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانه له ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ دڵنیابوون له سه‌قامگیری و به‌هێزكردنی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ.
ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گه‌لى كوردستان گەورەترین هێز و باشترین ڕێبازە. بۆيه داوا لە کورد و كوردستانييان دەکەم، باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەهێزتر بکەن. داواکانی گه‌لى كوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەکی زۆر له‌بار بۆ ڕوونبوونەوەی داواکانى دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی کورد لە جیهاندا زیاتر دەباتە پێشەوە. ئێستا تەوژمێک بۆ دروستبوونی ئاشتی له سیاسەتی جیهاندا هه‌يه، لە بەرژەوەنديی گه‌لى كوردستاندايه وه‌ك گه‌لێكى ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕمان به كولتوور و به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه و لێبورده‌یی و يهكترقبووڵكردن هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه به فاكته‌ری ئارامى و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه و ده‌ستی دۆستایه‌تی و هاوكاری بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان درێژ ده‌كات، له‌پێناو داهاتوویه‌كدا كه تيايدا ئاشتی و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندن بۆ هه‌مووان باڵاده‌ست بێت و ژيان و شكۆ و مافه‌كانى هه‌مووان پارێزراو بن.
له په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراقدا، جارێكی تر پابه‌نديی خۆمان به ده‌ستوور وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ناكۆكییه‌كان به گفتوگۆ و (لێكگهییشتنی) هاوبه‌ش دووپات ده‌كه‌ینه‌وه. سه‌قامگیری و گه‌شانه‌وه و پێشكه‌وتنى عێراق، به ڕێزگرتن له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی و به جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌قينه‌ى سيستمى فیدراڵييهوه به‌نده.
ئێمه له نزيكه‌وه ئاگاداری سهختييهكان و دۆخى ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتیيانى كوردستانين. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان كارى له‌پێشینه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستانه. له‌گه‌ڵ هاتنی نه‌ورۆزدا، هیواكان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م سه‌ختییانه تێده‌په‌ڕن، كۆڵ ناده‌ين و به هيوا و ئومێده‌وه پێكه‌وه به‌ره‌و داهاتوويهكى باشتر هه‌نگاو دهنێنين.
نه‌ورۆز له هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پيرۆز بێت كه ئه‌م ياده ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌موو ساڵێك به خۆشى.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2025/3/20