مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725، پەیامێکی بڵاو کردەوە. تێیدا هاتووە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانييان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بن.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە “سوپاسی خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەم، کە ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان، وامان لێ دەکات بەگەشبینیەوە لە داهاتوویەکی باشتر بڕوانین و ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا، بتوانین حکوومەتێکی نوێی بەهێز و یەکگرتوو پێک بهێنین و بە شێوەیەکی باشتر و شایستەتر، درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەمان بدەین و زیاتر خزمەتی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین، وڵاتەکەمان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر ببەین. نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت.”