ساڵیادى دامەزراندنى مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەیی بەڕێوەچوو

 

بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16 و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزایی ناوەندی هەولێر و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە کەسایەتی شاری هەولێر ، بەبۆنەى 11 ساڵەى دامەزراندنى مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر لە قوتابخانەى ئەربیل ئولا، یەكەم و كۆنترین قوتابخانەی شاری هەولێر، ڕێورەسمێکى تایبەت بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دامەزراندنی مۆزەخانەی ناوبراو، تیشکی خستەسەر مێژووی پڕ سەروەریی کەسایەتی و تێکۆشەر و ئەو مێرخاسانەی شاری هەولێر کە هەریەکەیان لە بوارێکدا خزمەتی شاری هەولێر و نیشتیمانیان کردووە و لەم مۆزەخانەیەدا یادو یادەوەرییەکانیان پارێزراوە.

جێگەى باسە، قوتابخانەى ئەربیل ئولا کە ساڵی 19926- 1927 دروستکراوە و سیمبولى پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانە لەشارى هەولێر و ئێستا بۆتە مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەیی، تێیدا كەلوپەل و ئەرشیفی مێژوویی كەسایەتی سیاسیی، ئەدەبی و مامۆستا و بەڕێوەبەر و قوتابییانى ئەو قوتابخانەیە كە خزمەتێكی گەورەیان بە شارى هەولێر و نیشتیمان کردووە لە سەر مێزى یادەوەرى لە 13 هۆڵ کۆکراوەتەوە بە ئەمانەتەوە هەڵگیراون و پارێزراون و ڕۆژانەش هاوڵاتییان و سەردانیکاران سەردانى ئەو مۆزەخانەیە دەکەن کە ژوورەكانى پڕن لە كەلوپەلی مێژوویی و سەرنجڕاكێشی وەك كتێب، ئاژەڵی مۆمیاكراو، كامێراكەی گیوی موكریانی و چەندان شتی دیكەی بەنرخ.