براھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان: هەموو ئامادەکارییەک بۆ نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان، بۆ نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان ئامادەکاری کراوە. دەشڵێ: کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان لەسەردەمی کابینەی نۆیەم بە سەردەمی زێڕینی خۆیدا تێپەڕیوە، قەبارەی وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری بریتی بووە لە ٧ ملیار و ٥٠٩ ملیۆن دۆلار، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ بە بڕی ٣٢٢ ملیۆن دۆلار ٢٨ پڕۆژەی ستراتیژی و گەورەی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: دەستمان بە ئامادەکاری بۆ جەژنی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان کردووە، بۆ ئەو مەبەستە چەند لیژنە بە ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز پێکھێنراون، گرنگترینیان ئەو لیژنانەن کە لە بازگەکان پێکھێنراون، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان، ھەوڵ دەدەن دیوێکی جوانی کوردستان نیشانی گەشتیاران بدەن و ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکرێت، لەناو سەنتەری شاریش لیژنەکان چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ بابەتی نرخ و کوالێتی، تەواوی بنکە گەشتیارییەکان کراوە دەبن بە ڕووی گەشتیاراندا، ھەروەھا ژمارەیەک وەکو ھێڵی گەرم لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکان ئامادە کراوە، ھاوکات لە ھەندێ شوێنیش سەنتەری زانیاری کراوە دەبێت بۆ خزمەتکردنی گەشتیاران، ھەروەھا لەگەڵ کەرتی تایبەت کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان ھەماھەنگی تەواو کراوە و لە ڕۆژانی جەژن کراوە دەبن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: بەپێی ئەو فیدباکەی کە وەرمان گرتووە، ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەتایبەتی ھاتنی گەشتیارانی وڵاتانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان، ئاگری نەورۆز لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە گەشتیارێکی زۆری نێودەوڵەتی ھاتوون، بەتایبەتی بۆ ئاکرێ کە بە پایتەختی نەورۆز ناسراوە، بۆ جەژنی ڕەمەزانیش گەشتیاران قەرەبووی نەورۆز دەکەنەوە.
سەبارەت بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ڕوونیکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ ھەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ قەبارەی وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری بریتی بووە لە ٧ ملیار و ٥٠٩ ملیۆن دۆلار، وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری لە پێش تەواوی سێکتەرەکانی دیکەوەیە، بە ڕێژەی ٤٢% کۆی ھەمووی ئەو پڕۆژانەی کە لە بواری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، گەشتوگوزار بە تەنیا ٤٢%ی بەر دەکەوێت، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤ بە سەرمایەی ٣٢٢ ملیۆن دۆلار ٢٨ پڕۆژەی ستراتیژی و گەورەی گەشتیاری لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، بۆیە کەرتی گەشتیاری لەسەردەمی کابینەی نۆیەم بە سەردەمی زێڕینی خۆیدا تێپەڕیوە، کابینەی نۆیەم بۆ گەشتوگوزار خاڵی وەرچەرخان بووە، گەشتوگوزار قۆناغێکی باشی بڕیوە، حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی سەرەکی بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیارییە لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بەڕێزیان دووپاتی کردووتەوە گەشتوگوزار لە پاڵ سێکتەرەکانی وەکو پیشەسازی و کشتوکاڵ لە ئەولەویەتی کارنامەی کابینەکەدایە، کەرتی تایبەتیش ڕۆڵێکی باشی ھەیە لە پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان و بەشداریەکی کارای ھەیە لەو کەرتەدا و ھاوکارێکی باشە بۆ پێشخستنی ئەو کەرتە، بۆ ئەوەی بە ھەردوولا بتوانین گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بەجۆرێک پێش بخەین کە دواجار ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرە، ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، بۆ ئەمساڵیش لەو سێ مانگەدا بەھۆی بارینی بەفر لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر کراون، ئەو چالاکیانەش بوونەتە ھۆی ئەوەی کە سەرنجی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان ڕابکێشین، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو فیستیڤاڵێک لە چۆمان کرا و زیاتر لە ١٥٠ یاریزانی نێودەوڵەتی بەشدار بوون، ئەوەش وای کرد کە گەشتیارێکی یەکجار زۆر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو گەشتیارانەی کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن ٢٥% گەشتیارانی دەرەوەی وڵاتن، بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەین بۆ ئەوەی ژمارەی گەشتیارانی بیانی کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن زیاتر بکەین، بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو لە چوار پێشانگەی گەشتیاری نێودەوڵەتی بەشدار بووین، ئامانج لە بەشداری کردن لەو پێشانگەیانە ئەوە بوو کە بتوانین لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان بکەوینە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بتوانین گروپاتی گەشتیاری نێودەوڵەتی بەرزبکەینەوە، حکوومەتی ھەرێم لە پێدانی ڤیزە بە گەشتیارانی نێودەوڵەتی ئاسانکاری باشی کردووە و چالاکییە گەشتیارییەکانیش فڕە چەشن کراون ئێستا خۆشبەختانە ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر دەکرێن، ھەموو ئەوانەش وای کردووە کە ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیان زیاد بێت.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: سەرکەوتووانە توانیومانە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشتوگوزاری تاک وەرز بپەڕێنینەوە بۆ قۆناغێکی تر، کە ناوی دەنێین قۆناغی گەشتوگوزاری نیمچە بەردەوام، پێشتر تەنیا لە بۆنەکان گەشتیار دەھاتن بۆ ھەرێمی کوردستان، دواتر بارودۆخەکە گۆڕدرا و لە ھاوینانیش دەھاتن، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت لە ڕێگەی فڕە چەشنکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان، لەگەڵ ئەنجامدانی فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بەدرێژای ساڵ ئامانجمان ئەوەیە لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، گەشتیاری زستانە بووژاوەتەوە، ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەشتیاران لەو وەرزەدا زیاتر دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣١٠٠ شوێن و بنکەی گەشتیاری ھەن، بنکە گەشتیارییەکانیش بریتین لە ٤٨٠ ھۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، ٤٤ کۆمەڵگەی گەشتیاری، نزیکەی ھەزار ڕیستورانت و خواردنی خێرای گەشتیاری، ٧٠٠ کافتریای گەشتیاری و ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن، ھەموو ئەمانە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشکەش دەکەن.