پەروین شەوقی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامی قەزای ئاکرێ: ٢٧٢٥ هەزار مەشخەڵ بۆ نەورۆز ئامادەکراون

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئاشکرای کرد: ئەمساڵ بەرنامەی جیاوازیان بۆ جەژنی نەورۆز ھەیە، ٢٧٢٥ مەشخەڵ ئامادەکراون بۆ ڕازاندنەوەی چیای کەلا ئاکرێ.

بە سەرپەرشتی پارێزگاری دھۆک کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی و تەکنیکی بۆ دیاریکردنی ڕێکارەکانی ئاھەنگی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کرا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە لە ئاکرێ بە جوانترین شێوە ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
بڕیاروایە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بەشدار بێت، لە ھەمان کاتدا وەک ساڵانی ڕابردوو کۆنسووڵی وڵاتان و بەرپرسانی حیزبی و حکوومی ئامادە بن.
ئاکرێ لە مانگی ئادار و نەورۆزدا دەبێتە پایتەختی ئادار و نەورۆزی ھەرێمی کوردستان، گەورەترین ڕێوڕەسم تێدا بەڕێوە دەچێت و زۆرترین کەس سەردانی ئەو شارۆچکەیە دەکەن، بۆیە شارەوانیی شارۆچکەکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە و ھەڵمەتێکیان بۆ زیاتر ڕازاندنەوەی ناو سەنتەری ئاکرێ دەست پێ کردووە و پێنج ھەزار گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر لەسەر شەقام و بلواری نێوان شەقامەکان چێنراون.
پەروین شەوقی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامی قەزای ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زیاتر لە مانگێکە ئامادەکارییەکانی نەورۆز لە ئاکرێ دەستیان پێکردووە، ئێستا ھەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون، دوای بەربانگ، کاتژمێر ٦:٤٥ ئاھەنگ دەستپێدەکات و لەلایەن ٨ گرووپی خۆبەش، ئاگر دەکرێتەوە و مەشخەڵەکان دەبردرێن بۆ کەلا ئاکرێ، لە ھەمات کاتدا ئەمساڵ ڕێگەیەکی دیکەمان بۆ چیاکە دروستکردووە، یەکێکیان بەرەو چیاکە دەڕوات ئەوەی دیکە بۆ دابەزینە، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز، دواتر بە یاریی ئاگرین دیمەنەکە سەرنجڕاکێشتر دەکرێت، لە ھەمات کاتدا سێ شاشەی گەورە بۆ نمایشکردنی نەورۆز دانراون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامی قەزای ئاکرێ، دەشڵێ: ئەمساڵ جەژنی نەورۆز کەوتووەتە نێو مانگی ڕەمەزانەوە، بەو بۆنەیەوە ئێمە چالاکیی جیاوازمان دەبێت، ھونەرمەندان و سروودخوێنی ئایینی لە ئاھەنگەکەدا بەشدار دەبن.
پەروین شەوقی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامی قەزای ئاکرێ، گوتیشی: پێشبینی دەکرێت بۆ ئاھەنگی نەورۆزی ئەمساڵ زیاتر لە ساڵی ڕابردوو گەشتیار لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، ھەتا لە پارچەکانی دیکە و وڵاتان سەردانی ئاکرێ بکەن.