کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیی تورکی، داوای ئەوە دەکات گرێبەستی کارکردنیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە پەسەند بکرێت بۆئەوەی مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت.
کۆمپانیاکە سەبارەت بە کار و پرۆژەکانی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و لە ڕاپۆرتەکەیاندا باسی لە هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕایدەگەیەنێت؛ سەرەڕای ئاستەنگەکان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆمپانیاکە کار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی جیهانەوە.”
ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ دەبێت حکوومەتی فیدراڵیی عێراق گرێبەستەکانیان پەسەند بکات و شایستە داراییەکانی ڕابردوویان بۆ بگەڕێنێتەوە.”
هەر لە ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکەدا ئەوەش هاتووە؛ ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانیدا بەڕێژەی 58% بەرز بووەتەوە.
نزیکەی دوو ساڵە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی گشتیی و ئابووریی عێراق گەیاندووە.
هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و کۆمپانیاکانیش داوای گەرەنتی بۆ شایستە داراییەکانیان دەکەن، بۆ ئەمەش وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەشدار لە ئەپیکور بڕیارە لە بەغدا کۆ ببنەوە و ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بکەن.