ڕائیب جادر – هەولێر
لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە وەجبەی دووەمدا ٥٤ ھەزار فەرمانبەری دیکە زەوی وەردەگرن. بەڕێوەبەری ھۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەڵێت: ئەم جارە زیاتر خانەنشینان و پێشمەرگە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی دۆخی ھاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.
دوای بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی و بەداتاکردنی زانیاریی فەرمانبەران بەمەبەستی سوودمەندبوون لە دابەشکردنی زەوی لەسەرجەم وەزارەت و دامودەزگا نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکان دەستی پێکرد و تائێستا دەیان ھەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوونە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئاشکرای دەکات، پێدانی زەوی ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە فەرمانبەرانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و زاخۆ.
ھەر فەرمانبەرێک کە ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت، ھەروەھا ھەر خانەنشینێک لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت زەوییەکی ٢٠٠ مەتری پێ دەدرێت، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، سێ مەرج دیاریکراون لەوانە ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد: پڕۆسەی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، ھەر وەزارەتێک لیستی ناوەکانی ئامادە بێت، دوای ئەوەی کە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتەدا دابەشدەکرێت.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری ھۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ناوی ٥٤ ھەزار فەرمانبەری دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گەڕایەوە.
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەمساڵ ڕەزامەندی بۆ سەرجەم فەرمانبەران وەردەگرین، کە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار فەرمانبەر دەبن لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
پێشتر ٢١٦ ھەزار فەرمانبەر ناویان بۆ شارەوانییەکان نێردرابوو بۆ وەرگرتنی زەوی. بەڕێوەبەری ھۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: ئەو ٥٤ ھەزار کەسە ھێشتا نەنێردراون بەڵام دەنێردرێن بۆ شارەوانییەکان و بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین، گەرمیان، زاخۆ و سۆران دابەش دەکرێن، بەپێی ژمارەی دانیشتووان و فەرمانگەکان، ئەو کەسانەی ئەم جارە سوودمەند دەبن زیاتر خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە دەبن. بەگوتەی سەربەست مەولوود، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای ھەولێر ڕەزامەندی لەسەر ناوی ٩٠ ھەزار فەرمانبەر و لە سلێمانی نزیکەی ٦٠ ھەزار فەرمانبەر دراوە.
٩-٢-٢٠٢٥، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەم جارە زیاتر لە ٢٤٠ ھەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە ١٧ـی تشرینی دووەمی ساڵی پار دەستیپێکرد، لە ھەولێر ٥ ھەزار، لە سلێمانی ٦ ھەزار و ٥٧٧، لە گەرمیان دوو ھەزار و ٤٧٤، لە دھۆک ھەزار و لە زاخۆش ھەزار و ٢٤١ پارچەزەوی دابەش کران.