وەزارەتی کارەبا دەربارەی کارەبای 24 کاتژمێری و دوای دروستبوونی دەنگۆکان لەسەر گرانبوونی نرخەکەی، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان

ئەمڕۆ سێشەممە كەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا ڕایگەیاند: ئەو پارەیەی هاووڵاتییان بۆ پڕۆژەی ڕووناکی (کارەبای 24 کاتژمێری) دەیدەن کەمترە لەو نرخەی ئێستا دەیدەن بە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە بەیەکەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد: پڕۆژەی رووناكی كارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانی كوردستان دابین دەكات، ئەم پڕۆژەیە خەونێك بوو كە چەندین ساڵە هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕوانی بوون.

وەزیری کارەبا گوتیشی: دڵنیایی دەدەین لە 90%ی هاووڵاتییان لە پڕۆژەی ڕووناكی پارەی زیاد نادەن، بۆیە پارەی پڕۆژەی ڕووناكی لە پارەی ئێستای موەلیدە كەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی نابێت و ژینگەش پیس ناکات.

كەمال محەمەد دڵنیایشی دا لەوەی كە پڕۆژەی ڕووناکی لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی کوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بین و پشتیوانی لێ بكەین.