ئەم هاوینە پڕۆژەی ستراتیجیی دابینکردنی ئاوی هەولێر دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

شەو و ڕۆژ تیمەکانی خزمەتگوزاری و کۆمپانیای جێبەجێکار لە کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی هەولێر بەردەوامن و ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیە تا وەرزی هاوین پڕۆژەکە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان. سێ لەسەر چواری پڕۆژەکە تەواو بووە و تا دوای ساڵی ٢٠٥٠ لە هەولێر کێشەی کەمئاوی بنبڕ دەکات.

لە ڕووباری زێی گەورەوە ڕاکێشانی لوولەی زۆر ئەستوور و ستاندارد بۆ هەر چوار دەوری پایتەخت دەستی پێ کردووە و جگە لە تەواوبوونی دیوی باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری شارەکە هێندەی نەماوە تۆڕە سەرەکییەکە بگاتە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای هەولێر کە بە تەنیشت شەقامی ١٢٠ مەتریدا تێپەڕ دەبن.
راکێشانی ئەو لوولانە بە ژێر زەویدا کارێکی سەخت و تاقەتپڕووکێنە و لە هەندێک شوێن تیمەکان ناچارن بە ژێر پرد و بەربەستەکاندا تونێل لێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن لوولەکان بە یەکتری گرێ بدەن. جگە لە ڕاکێشانی تۆڕە سەرەکییەکەی ئاو کە زۆرئەستوورە لە ناو گەڕەکەکانیش کۆمپانیایەکی تر دەستی بە گرێدانی تۆڕە نوێیەکە کردووە و لە چەندین گەڕەک ڕاکێشانی ئەو لوولانە بەنێو شەقامە سەرەکییەکاندا دەستیان پێ کردووە و لە جێبەجێکردندان.
هەشتی ئابی ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیجیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەولێری دانا کە بە گوێرەی پلانەکە تا سی ساڵی دیکە هەولێر لە کێشەی ئاو ڕزگار دەکات.
بەپێی دیزاینی پڕۆژەکە، پێداویستیی ئاوی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس دابین دەکرێ کە لە سێ قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم وەرگرتنی ئاو بە توانای بیست هەزار مەتر سێجا لە هەر سەعاتێکدا لە ڕووباری زێی گەورە کە ئەو ئاوە بۆ پڕۆژە سەرەکییەکە دەگوازرێتەوە کە بریتییە لە پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو بە چەند قۆناغێکی جیاواز بە پشتبەستن بە نوێترین و پێشکەوتووترین ستانداردەکانی جیهان و لە بیست کۆگاوە ئەو ئاوە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت.
لە قۆناغی سێیەمدا ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگای سەرەکی کە توانای گلدانەوەی سەد هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و دواتر بۆ کۆمەڵێک کۆگای تر دەگوازرێتەوە و بە درێژیی پێنجسەد کیلۆمەتر هێڵی ئاو ڕادەکێشرێت و ڕووماڵی پێداویستی ئاوی هەولێر دەکات.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەولێر کە لە وەرزی گەرمادا خەڵک پێیانەوە دەناڵاند، کەمبوونەوەی ئاو بوو لە بەشێک لە گەڕەکەکان و بە ناچار خەڵک بە تانکەر ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکرد و هەموو ساڵێکیش ئەو کێشەیە دووبارە دەبوویەوە.
بەپێی پڕۆژەکە لە کۆی سەد و بیست و حەوت گەڕەکی هەولێر زیاتر لە نیوەیان لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن. هەفتەی ڕابردوو یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە بە میدیاکانی گوت سێ لەسەر چواری پڕۆژەکە تەواو بووە و تا مانگی تەمووز دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە. تێچووی پڕۆژەکە چوارسەد و هەشتا ملیار دینارە و لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە هەولێر تەنیا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ ناکرێ بەڵکوو پڕۆژەیەکی ستراتیجیی دیکە لە دەشتی هەولێر لە جێبەجێکردندایە کە بەردی بناغەی ئەویش لە ئەیلوولی ڕابردوو دانرا. سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە لە ئاوی زێی بچووک دابین دەکرێ و پڕۆژه‌كه‌ كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ قوشته‌په‌ و بێستانه‌ و زیاتر له‌ شەست گوندی سنووره‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ و ئاوه‌دانیی ئه‌و گوندانه‌. گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ سەد و هەشتا و نۆ ملیار و شەشسەد و حەفتا ملیۆن دیناره‌ و جگە لە دامەزراندنی چەندان کۆگەی گەورەی ئاو، تۆڕی گواستنەوەی ئاوی سنوورەکەش بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
گرنگترین ئەلترناتیڤ بۆ ئاوی ژێر زەوی بەکاربردنی ئاوی سەرزەوییە بۆ مەبەستی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بوارەکانی تری وەک پیشەسازی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەستی بەو مەترسییە کردووە کە بۆ سەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دروست بووە و بۆیەش ئەو هەنگاوانەی ناوە و بەهۆیەوە سەدان بیر دادەخرێن و ئاوی ژێر زەوی وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ نەەکانی داهاتوو پاشەکەوت دەکرێت.