ڕائیب جادر – هەولێر
لە سنووری ئیدارەی سۆران ٣٨٠ کێڵگەی بە مین داچێندراو ھەن، ڕۆژانە لەلایەن چەند تیمێک کاری پاکسازی مین لەو دەڤەرانە دەکرێت، بەرزایی چیاکان پشکی شێری ئەو ڕووبەرە پێکدەھێنن
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کێڵگەکانی مین لە ئیدارەی سۆران ھێمای ئاگادارکردنەوەیان لێ دانراون، بەڵام ھێشتا مین ھەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ژیانی ئەوانەی بۆ گەشت و گژ و گیای بەھارە ڕوو لە چیاکان دەکەن. بەگوێرەی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین، ٧٢%ی ڕووبەری ھەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و ٢٨% ماوە پاک بکرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی ھەولێر، دەڵێت: زەوییەکان دوای پاککردنەوە لە مین و تەقەمەنی ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕووبەری ٢،٩٦٥،٩٢٢م٢ لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە، ٣٦ کێڵگەی مین و ٧١ شەڕگە پاککراونەتەوە و ھیچ مەترسیان لەسەر نەماوە، ٢٥،٣٣٧ مین و پارچە تەقەمەنی ھەڵگیراونەتەوە و لەناوبراون، ١١ کەس بەر مین و تەقەمەنی کەوتوون چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەسیش برینداربوونە. کەچی ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا ٢ ڕووداوی مین و تەقەمەنی لە سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر و لە سنووری ئیدارەی سۆران تۆمار کراون، بەو ھۆیەوە ھاووڵاتییەک گیانی لە دەستداوە، ھاووڵاتییەکیش بڕیندار بووە، پەیام و داوای بەرپرسانی مین ئەوەیە ھاووڵاتییان خۆیان دوور بگرن لەو شوێنانەی شارەزا نین، بوونی ئەو مین و تەقەمەنییانە لە ناوچە گەشتیارییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی عێراق- ئێران و شۆڕشەکان، لەگەڵ با و باران ھاتوونەتە خوارەوە و بەدەر کەوتوون، چەندین ساڵە خەڵک نەیانتوانیوە نزیکی ھەندێ شوێنی گەشتیاری و ناوچە کوێستانەکان بکەونەوە.
لە سنووری ئیدارەی سۆران ٣٨٠ کێڵگەی بە مین داچێندراو ھەن، ڕۆژانە لەلایەن چەند تیمێک کاری پاکسازی مین لەو دەڤەرانە دەکرێت، بەرزایی چیاکان پشکی شێری ئەو ڕووبەرە پێکدەھێنن، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا نزیکەی ٤ ھەزار کەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەر مین و تەقەمەنی کەوتوونە و شەھید و بریندار بوونە.
وەرزی بەھارە و خەڵک بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و کردنی گیای بەھارە ڕوو لە کوێستان و ناوچە گەشتیارییە دڵڕفێنەکانی ناوچەکە دەکەن، ھاووڵاتییان داوا لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ھەوڵی تەواو بدەن بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانە و تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ھەرێمی کوردستان، ٧٢%ی زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و تەنیا ٢٨% ماوە پاک بکرێتەوە. عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی ھەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشکرای کرد: بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مینڕێژکراون پاک بکەینەوە، بۆ ئەوەی کەمتر ھاووڵاتییان زەرەرمەند بن.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی ھەولێر، گوتیشی: زۆربەی کێڵگە مینەکان کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراون، ھێمای ھۆشیار کردنەوە لە مەترسییەکانی مین لەو شوێنانە دانراون، ھەروەھا لە دەوروبەری کێڵگە مینەکان بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی گوند و ئاوایی لێیە، تابلۆی ھەمیشەیی ھۆشیاری مینی لێ دانراوە و ڕووبەری کێڵگە مینەکەشی تیادا ئاماژە پێکراوە کە ئەم شوێنانە مەترسیدارە و تکایە نزیک مەکەونەوە.
عەلی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی ھەولێر، زیاتر گوتی: تائێستا چەندین شوێن و کێڵگەی مین پاککراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، کاری پاکسازیش بەردەوامی ھەیە، ئەو شوێنانەشی بە مین داچێنراوە، داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین تا ئەو کاتەی دڵنیایی پاکسازی ئەم شوێنانە بە ھاووڵاتییان دەدرێت نزیک نەکەونەوە، بەتایبەتی ئێستا کە وەرزی بەھارە و خەڵک بۆ کردنی گژ و گیا ڕوو لەو ناوچانە دەکات، بۆیە بە بەردەوامی ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە و ڕێنمایان پێدەدەین، لەکاتی دەرچوونیان بۆ ناوچە شاخاوییەکان ئاگاداری خۆیان بن و لەم ناوچانە نزیک نەبنەوە کە ھێمای ھۆشیارکردنەوەیان بۆ دانراوە یان مەترسی مین و تەقەمەنیان ھەیە لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، هەر لەم چەند ڕۆژەدا بە بەشداریی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، له ڕێوڕهسمێكدا دلێر محهمهد، وهك بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەڵەبجە دهست بهكار بوو.
جەبار مستەفا گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە شایەنی هەموو جۆرە خزمەتێکن، بە تایبەت پاککردنەوەی ڕووبەری پیسبووی پارێزگاکە، کە تا ئێستاش زۆری ماوە بۆ پاککردنەوە، ئەمەش پێویستی بە کەسانی لێهاتوو هەیە، کە بەدڵنیاییەوە بەڕێوەبەری گشتیی نوێ لە ئاست ئەو ئەرکەدا دەبێت، وەک سەرۆکایەتیی دەزگاش بە هەموو شێوەیەک، لە ڕاپەڕاندن و جێبەجیکردن و بەرەوپێشبردنی بەرنامەی کاروباری مین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هاوكاری دهبین.
هەر لەم ساڵیشدا، دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە پارێزگهکانی سلێمانی و دهۆک، بە سەتان مین و پاشماوەی جەنگیی نەتەقاو لەناو دەبات.
له بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، لە بناری چیای سورێن، ژمارهیهك مین و تهقهمهنی لەناوبران. لەلایەکی دیكهوه لە شارهدێی خدرانی شارۆچكهی دووکان شازدە ژمارهیهكی دیكه له مین و تهقهمهنی له زەویی هاووڵاتییهك دەرکەوتبوون، لەلایەن دەزگای مینەوە سەرجەمیان لەناوبران، هەروەها لە گوندی قەفاری سەر بە شارەدێی قەرەهەنجیریش ژمارهیهك گوللههاوهن گواسترانهوه بۆ شوێنێكی پارێزراو، به مهبهستی لهناوبردنیان.
له بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆکیش، لە ئەنجامی پرۆسەی پاکسازیی مین و تەقەمەنی، زیاتر لە ٢٦٠ مین و تەقەمەنی لەناوبران.